گواستنەوەی چەکوچۆڵ بۆ ناوچە سنوورییەکانی کوردستان

20:45 - 26 بەفرانبار 2718
ئاژانسی کوردپا: سپای پاسداران لە ڕێگای ورمێ – مەهاباد دەستی بە گواستنەوەی چەکوچۆڵی قورس بۆ ناوچە سنوورییەکانی کوردستان کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی چوارشەممە ٢٦ی بەفرانبار، سپای پاسداران چەکوچۆڵی قورس لە جۆری \"کاتیووشا و تۆپ\"ی ڕەوانەی ناوچە سنورییەکانی کوردستان کرد.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، سپای پاسداران چەکوچۆڵی قورس و کەرەستەی شەڕ لە ڕێگای ورمێ – مەهابادەوە بەرەو ناوچە سنوورییەکانی کوردستان ڕەوانە دەکات.

لە ماوەی ڕابردوودا، سپای پاسداران بە شێوەیەکی بەرین هەوڵی ڕەوانەکردنی چەک و کەرەستەی شەڕی لە کوردستان زۆرتر کردووە و هەر لەو ڕاستایەدا کۆمەڵێک لە بنکە کۆنە نیزامییەکانی لە کوردستان بەتایبەت لە ناوچە سنوورییەکان نۆژەن کردووەتەوە.

ڕۆژانە هاووڵاتییانی کورد لە شارەکانی کوردستان شایەتی ڕەوانەکردنی چەکی قورس لە لایەن سپای پاسدارانەوە بۆ ناوچە سنوورییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و کوردستانی ڕۆژهەڵات دەبن.

هاوینی ئەمساڵ، فەرماندەیی هێزی پێشـەرگەی کوردستان سەر بە حدکا، بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک ئەم هەوڵانەی سپای پاسدارانی بە نیشانەی \"ترس لە چالاکیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە قووڵایی خاکی کوردستان\" ناو برد.