گواستنەوەی چوار چالاکی سێنفیی مامۆستایانی دیواندەرە بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە

11:21 - 30 جۆزەردان 2722

ئومید شامحەممەدی، هیوا قورەیشی، پەرویز ئەحسەنی و کاوە محەممەدزادە، لە ئەندامانی ئەنجومەنی سێنفیی مامۆستایانی کوردستان - دیواندەرە، پاش  دەسبەسەری بۆ گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە ڕاگوێزران.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، پاش بەدواداچوونی بنەماڵەی ئەو چوار چالاکە سێنفییە، ئیدارەی ئیتلاعاتی لەگەڵ ئازادکردنی ئەوان بە دانانی بارمتە دژایەتی کردووە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستە ڕوو ئەو چوار مامۆستا دەسبەسەرکراوە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیاندا، تەنیا جارێک پەیوەندیی تەلەفوونیان لەگەڵ بنەماڵەکانیان گرتووە و لە دەستپێڕاگەیشتن بە پاڕێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان بێبەری کراون.

ڕۆژی چوارشەممە ٢٥ی جۆزەردان، ئەو چوار ئەندامەی ئەنجومەنی سێنفیی مامۆستایانی کوردستان - دیواندەرە، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران.

ئومید شامحەممەدی ڕۆژی دووشەممە ٢١ی خەزەڵوەری ساڵی ٩٧، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەرکرا و پاش ٤٠ رۆژی دەسبەسەری بە دانانی بارمتە  ئازاد کرابوو.

دواتر ئەو چالاکە سێنفییە بە تۆمەتی "هەوڵدان دژی تەناهی نەتەوەیی" لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی سنە، بە ساڵێک زیندانی تەعزیری مەحکووم کرابوو.

وێنە: لە راستەوە بۆ چەپ: هیوا قورەیشی، پەرویز ئەحسەنی، ئومید شامحەممەدی و کاوە محەممەدزادە