گواستنەوەی چوار زیندانیی بۆ ژووری تاکەکەسی زیندانی ورمێ

13:40 - 4 رەزبەر 2717
ئاژانسی کوردپا: بەرپرسانی زیندانی ناوەندیی شاری ورمێ، چوار زیندانییان بۆ ژووری تاکەکەسی بە مەبەستی بەڕێوەبردنی حوکمی ئێعدامیان گواستنەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی دووشەممە ٣ی ڕەزبەر، چوار زیندانیی لە زیندانی ناوەندیی شاری ورمێ بە مەبەستی بەڕێوەبردنی حوکم ئێعدامیان بۆ ژووری تاکەکەسی گواستراونەتەوە.

شوناسی ئەو چوار زیندانییە بە ناوەکانی \"قادر محەممەد حەسەن خەڵکی بۆکان، نایەب عەباس‌پوور خەڵکی ورمێ، جەواد خەیری و موسلێم تەمەرخان\" ڕاگەیەندراوە.

ئەو چوار زیندانییە لە بەندەکانی\"٣و٤\"، \"١٥ و٢\" بەندی ڕەوان دەرمانی بوون.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران لەو بارەیەوە بڵاوی کردەوە، جەواد خەیری و نایەب عەباس‌پوور، کە بە تۆمەتی کوشتنی بەئەنقەست بە \"قیساسی نەفس\" بە ئێعدام مەحکووم کرابوون، بۆ ژووری تاکەکەسی ڕاگوێزراون.

بەپێی ئەو سەرچاوەیە، جەواد خەیری بە تۆمەتی ماددەی سڕکەر و کوشتنی بەئەنقەست دەستبەسەر کرابوو، ماوەیەک پێش حوکمەکەی ناوبراو لە لایەن دەزگای قەزاییەوە بۆ زیندانی هەتاهەتایی گۆڕدرا، بەڵام بڕیارە بە تاوانی کوشتنی بەئەنقەست ئێعدام بکرێت.

گواستنەوەی ئەو زیندانییانە بۆ ژووری تاکەکەسی بە مەبەستی ئێعدام کردنیان، لە حاڵێک دایە کە بەرپرسانی زیندان لە مانگی موحەڕەم \"محرم\" خۆیان لە سێدارەدانی هاووڵاتییان دوور ڕادەگرن.