گواستنەوەی چالاکێکی مەریوانی بۆ گرتووخانەی ئیتلاعاتی شاری سنە

14:25 - 22 رەزبەر 2717
ئاژانسی کوردپا: چالاكێکی مەریوانی پاش ١٨ ڕۆژ لە دەستبەسەر کردنی، بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە گوازرایەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، وریا دڵ ئەنگیز، چالاکی مەریوانی پاش ١٨ ڕۆژ دەستبەسەری لە ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری مەریوان بۆ گرتووخانەی ئیتلاعاتی شاری سنە گوازرایەوە.

ئەو ئەندامە فەرمیەی کۆمیتەی بژێوی و کار و هاوکاری ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان لە چوار ڕۆژ پێشەوە دەستی بە مانگرتن لە خواردن کردووە.

وریا دڵ ئەنگیز ڕۆژی چوارشەممە ٤ی ڕەزبەر، پاش بانگهێشت کردنی بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری مەریوان دەستبەسەر کراوە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، لە هۆکاری دەستبەسەر کردنی ئەو هاووڵاتییە مەریوانییە هیچ زانیارییەکی ورد لە بەردەستدا نییە.

پاش خۆشی دەربرینی هاووڵاتییانی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات لە مەڕ پشتیوانی گشتپرسی سەربەخۆیی کوردستان، ژمارەیەک لە هاووڵاتییانی کورد لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەستبەسەر کراون کە لە ناو ئەو هاووڵاتییانەدا ژمارەیەک لە چالاکانی مەدەنی بەرچاو دەکەون کە هەتا ئێستا لە گرتووخانەکانی حکوومەتی ئێران لە شارەکانی کوردستان دان و ئازاد نەکراون.