گواستنەوەی هاووڵاتییەکی کورد بۆ ئیتلاعاتی ورمێ

14:59 - 28 رێبەندان 2718
ئاژانسی کودپا: هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی شاری بۆکان، بۆ لێپێچینەوە گوازرایەوە بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەری کوردپا، هاووڵاتییەکی کورد، بە ناوی \"ئاکام قادری\"، کوڕی ڕۆستەم و تەمەن ٣١ ساڵە، بۆ لێپێچینەوە لە گرتنگەی ئیتلاعاتی بۆکانەوە گواسترایەوە بۆ گرتنگەی ئیتلاعاتی ورمێ.

ئەم هاووڵاتییە کوردە، ڕۆژی دووشەممە، ١ی ڕێبەندان، لە بەشی تەتەهووی سەر بە شاری بۆکان، بە تاوانی \"هاوکاریی لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران\"، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.

ئاکام قادری، لە کاتی دەسبەسەری هەتاکوو ئێستا، لە \"دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لە گەڵ بنەماڵەکەی\" بێبەرییە.

ئەم هاووڵاتییە کوردە، هەروەها ساڵی ٩١، سەبارەت بە بەشداریی لە کەمپەینی \"فێرکاری بە زمانی زگمامی\"، لە زانکۆی سنە لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر و دوای ٢٠ ڕۆژ لێپێچینەوە ئازاد کرا.