گواستنەوەی هاووڵاتییەکی سنەیی بۆ شوێنێکی نادیار

19:49 - 28 رەشەمه 2717
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی کورد، خەڵکی شاری سنە لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.


بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی شەممە ٢٦ی ڕەشەمە، هێزە ئیتلاعاتییەکان لە شاری سنە هاووڵاتییەکی خەڵکی کوردیان بە ناوی \"عەزیز مەلوودی\" دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگواست.

هێزە ئیتلاعاتییەکان بەبێ بەڵگەی یاسایی ئەو هاووڵاتییە کوردەیان دەسبەسەر کردووە.

لە تۆمەتی وەپاڵدەراوی ئەو هاووڵاتییە کوردە هیچ زانیارییەک لە بەردەستدا نییە و دەوترێ، ناوبراو پێشتر لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران هاوکاری کردووە.

بە وتەی یەکێک لە نزیکانی ئەو هاووڵاتییە دەسبەسەر کراوە، هێزە ئیتلاعاتییەکان لە دانی هەر جۆرە زانیارییەک سەبارەت بە چارەنووسی ئەو هاووڵاتییە دەسبەسەر کراوە بە بنەماڵەکەی خۆدەبوێرن.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، ئەم هاووڵاتییە کوردە لە گرتووخانەی هێزە ئیتلاعاتییەکان دایە و لە شوێنی ڕاگیرانی ناوبراو هیچ زانیارییەک لە بەردەستدا نییە.