گواستنەوەی ٥ هاووڵاتیی مەریوانی بۆ شوێنێکی نادیار

14:24 - 27 رەزبەر 2718
ئاژانسی کوردپا: هێزە ئیتلاعاتییەکان ٥ هاووڵاتیی کوردی خەڵکی شاری مەریوانیان دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگواست.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی پێنجشەممە ٢٦ی ڕەزبەر، سێ هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی \"بڕیار کاوە\" تەمەن ٢٥ ساڵ کوڕی ئەمین، \"موحسێن فەرەهمەند\" کوڕی خوسرەو و \"حەمید پەروازە\" تەمەن ٢٨ ساڵ کوڕی محەممەد، خەڵکی گوندی \"نێ\"ی شاری مەریوان، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کران.

\"\"حەمید پەروازە
هێزە ئیتلاعاتییەکان بە بێ‌بەڵگەی قەزایی هێڕشیان کردووەتە سەر ماڵی ئەو سێ هاووڵاتییە کوردە و دەسبەسەریان کردوون.

ئەم سێ هاووڵاتییە کوردە، پاش دەسبەسەرکرانیان بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراون.

\"\"بریار کاوه
هاوکات لەگەڵ دەسبەسەر کرانی ئەم سێ هاووڵاتییە کوردە، دوو هاووڵاتیی دیکەی کورد بە ناوەکانی \"کاروان ئەحمەدی\" کوڕی جەلال و \"ڕەحمان سدیقی\" کوڕی عیسا، لە شاری مەریوان لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراون.

ئەم ٥ هاووڵاتییە کوردە، بە تۆمەتی \"هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپوزسیونی حکوومەتی ئێران\" دەسبەسەر کراون.