گواستنەوەی شەعبان محەممەدی بۆ بەندی گشتیی زیندانی ئێڤین

11:11 - 26 پووشپەڕ 2722

شەعبان محەممەدی لە ئەندامانی هەیئەتی بەڕێوەبەریی ئەنجومەنی سێنفیی مامۆستایانی کوردستان-مەریوان، لە بەندی ٢٠٩ی ئەمنییەتیی زیندانی ئێڤین بۆ بەندی گشتیی ئەو زیندانە ڕاگوێزرا.

ئەو چالاکە سێنفییە ڕۆژی هەینی ٢٤ی پووشپەڕ، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ بنەماڵەکەی باسی لە گواستنەوەی خۆی لە بەندی ئەمنییەتی بۆ بەندی گشتی کردبوو.

مەئموورانی ئەمنییەتی ئەو چالاکە سێنفییە و بنەماڵەکەیان ناچار کردبوو کە پێکەوە بە زمانی فارسی قسە بکەن.

ئێوارەی ڕۆژی شەممە ١٤ی جۆزەردان، ئەو چالاکە سێنفییە لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ بنەماڵەکەی ڕایانگەیاندبوو کە لە ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە بۆ بەندی ئەمنییەتیی زیندانی ئێڤین ڕاگوێزراوە.

شەعبان محەممەدی، ڕۆژی چوارشەممە ٢١ی بانەمەڕ، پاش چوونە دەرەوە لە ماڵەکەی و لە گۆڕەپانی "باوەڕەشیـ"ـی مەریوان لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو.

هەروەها ڕۆژی یەکشەممە ١٠ی ڕێبەندانی ساڵی ١٤٠٠، شەعبان محەممەدی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و ڕۆژی پێنجشەممە ٥ی ڕەشەمەی هەمان ساڵ، بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ ملیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی هەتا کاتی دادگاییەکەی لە زیندانی مەریوان ئازاد کرابوو.