گواستنەوەی زیندانییەکی گوماناوی بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە زیندانی ورمێ بۆ نەخۆشخانە

17:08 - 12 رەشەمه 2719

ڕۆژی دووشەممە، ١٢ی ڕەشەمە، زیندانییەکی سوننی مەزهەب بە ناوی "محەممەد قەنبەردوست" کوڕی "ئەبووبەکر" بە گومانی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە بەندی زیندانییانی سیاسیی زیندانی ورمێ، گوازرایەوە بۆ نەخۆشخانەی دەرەوەی زیندان.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە زیندانی ورمێ  لەو باریەوە بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: "ئەو زیندانییە بەهۆی هەناسەبڕکێی توند سەرەتا بۆ بێهداریی زیندان گوازرایەوە و دواتر بۆ نەخۆشخانەی دەرەوەی زیندان ڕەوانە کرا".

"محەممەد قەنبەردوست" مانگی جۆزەردانی ساڵی ٩٦ لە پیرانشار دەسبەسەر کرا و دواتر لەلایەن لقی دووی دادگای ئیقلابی ورمێ بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە گرووپە توندەڕەو ئیسلامییەکان" بە ٥ ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرابوو.

ڕۆژی هەینی، ٩ی ڕەشەمە، زیندانییەک بە ناوی "مەهدی رەسووڵی"، لەگەڵ دوو زیندانیی دیکە لە بەندی لاوانی زیندانی ورمێ بۆ ئەنجامدانی تاقیکاریی ڤایرۆسی کۆرۆنا، بۆ درەوەی زیندان گوازرانەوە.

ڕۆژی پێنجشەممە، ٨ی ڕەشەمە، یەکێک لە زیندانییانی بەندی ١٤ بە ناوی "ڕەشید" کە تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا ببوو، لەلایەن پەرستارەکانی بێهداریی زیندان بۆ نەخۆشخانەی دەرەوەی زیندان ڕەوانە کرابوو.