گواستنەوەی زیندانییەکی سیاسیی کورد بۆ ژووری تاکەکەسیی زیندانی سنە

16:06 - 4 سەرماوەز 2721

زیندانییەکی سیاسیی کورد بە ناوی "هوشمەند عەلیپوور" خەڵکی شاری سەردەشت، لە زیندانی سنە، بۆ ژووری تاکەکەسیی ئەو زیندانە، ڕاگوێزرا.

برای ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە لە تووییتری کەسیی خۆیدا بە ناوی "هوشمەند عەلیپوور" نووسیوویەتی: "ڕۆژی سێشەممە ٢ی سەرماوەز، مەئموورانی زیندان، هوشمەند عەلیپووریان بۆ ژووری تاکەکەسیی زیندانی سنە، ڕاگواستووە".

هەژار عەلیپوور، هەروەها مانگرتنی براکەی لە زیندانی سنەی، بۆ پێنەدانی مەرەخەسی و گوشاری سیستماتیکی بەرپرسانی حکوومەتی ئێران لەگەڵ بنەماڵەکەیان و دژی ئێعدام و تێرۆری براکەی دیکەی بە ناوی "ژیان عەلیپوور" گەڕاندووەتەوە.

هەتا ئێستا هۆکاری ڕاگواستنی هوشمەند عەلیپوور، بۆ ژووری تاکەکەسیی زیندانی سنە، ڕانەگەیەندراوە.

 ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە لە ڕۆژی سێشەممە ٢٥ی خەزەڵوەرەوە بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین لەمەڕ دژایەتیکردن لەگەڵ داواکاریی مەرەخەسییەکەی و هەروەها دەستێوەردانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە لە دۆسیەکەی، مانی گرتووە.

ڕۆژی سێشەممە ٢٥ی خەزەڵوەر، لقی ٤ی ئیجرای ئەحکامی کەیفەریی سنە، لەگەڵ داواکاریی مەرەخەسیی هوشمەند عەلیپوور، زیندانیی سیاسیی کوردی بەندکراو لە زیندانی ناوەندیی ئەو شارە، دژایەتیی کردبوو.

ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە لەگەڵ زیندانییەکی سیاسیی دیکەی کورد بە ناوی "محەممەد ئۆستادقادر"، لە ڕێکەوتی ١٢ی گەلاوێژی ساڵی ٩٧، بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران"، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و پاش ١٠٨ ڕۆژ لە دەسبەسەرکرانیان، ڕۆژی ٢٨ی خەزەڵوەری هەمان ساڵ بۆ دابڕگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە ڕاگوێزران و ئەو دوو زیندانییە سیاسییە دواتر ڕێکەوتی ٥ی بەفرانباری ساڵی ٩٧ بۆ زیندانی ناوەندیی شاری سنە ڕاگوێزران.

محەممەد ئوستادقادر، ٢ی بانەمەڕی ٩٩، بە شێوەی مەرجدار لە زیندانی سنە ئازاد کرابوو.