گواستنەوەی زیندانییەک لە زیندانی ورمێ بۆ نەخۆشخانەی دەرەوەی زیندان بە گومانی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا

16:37 - 13 رەشەمه 2719

ئەمڕۆ سێشەممە، ١٣ی ڕەشەمە، زیندانییەک بە ناوی "سەلمان سلێمان نژاد"، بە گومانی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە بەندی ٣ و ٤ی زیندانی ناوەندیی ورمێ بۆ نەخۆشخانەی دەرەوەی زیندان گوازرایەوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە زیندانی ورمێ لەو بارەیەوە بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: "بەڕێوەبەری نێوخۆی زیندان وتوویەتی کە ئەو زیندانییە گومانی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنای لێ دەکرێت".

ڕۆژی دووشەممە، ١٢ی ڕەشەمە، زیندانییەکی سوننی مەزهەب بە ناوی "محەممەد قەنبەردوست" کوڕی "ئەبووبەکر" بە گومانی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە بەندی زیندانییانی سیاسیی زیندانی ورمێ، گوازرایەوە بۆ نەخۆشخانەی دەرەوەی زیندان.

لەو پەیوەندییەدا، ڕۆژی هەینی، ٩ی ڕەشەمە، زیندانییەک بە ناوی "مەهدی رەسووڵی"، لەگەڵ دوو زیندانیی دیکە لە بەندی لاوانی زیندانی ورمێ بۆ ئەنجامدانی تاقیکاریی ڤایرۆسی کۆرۆنا، بۆ درەوەی زیندان گوازرانەوە.

هەروەها، ڕۆژی پێنجشەممە، ٨ی ڕەشەمە، یەکێک لە زیندانییانی بەندی ١٤ بە ناوی "ڕەشید" کە تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا ببوو، لەلایەن پەرستارەکانی بێهداریی زیندان بۆ نەخۆشخانەی دەرەوەی زیندان ڕەوانە کرابوو.