گواستنەوەی زیندانییانی سیاسی بەندی ١٢، بۆ حوسەینییەی زیندانی ورمێ

14:43 - 13 رێبەندان 2718
ئاژانسی کوردپا: بەرپرسانی زیندانی ناوەندیی شاری ورمێ، زیندانیانی سیاسی بەندی دەوازدەیان، بۆ حوسەینییەی ئەو زیندانە ڕاگواستووە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، ژمارەیەک لە زیندانییانی سیاسی بەندی ١٢ی زیندانی ناوەندیی شاری ورمێ، لە سەر بڕیاری بەرپرسی زیندان، بۆ حوسەینییەی ئەو زیندانە ڕاگوێزراون.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە زیندانی ناوەندیی شاری ورمێ بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: بەرپرسانی زیندانی ورمێ بە بیانووی نۆژەنکردنەوەی بەندی ١٢، زیندانییانی سیاسی کە ژمارەیان لە سەرەوەی ٢٠ کەس بوون ولەگەڵ ٥٠ کەسی دیکە لە زیندانیانی عەقیدەتی ئەو بەندە بۆ حوسەینییەی ئەو زیندانە، ڕاگوێزراون.

بە وتەی ئەو سەرچاوە ئاگادارە، پێشتر بەندی ١٢ی زیندانی ورمێ تایبەت بووە بە زیندانییانی سیاسی، پاش مانگرتنی زیندانییانی سیاسی، بەرپرسانی زیندان، ژمارەیەک لە زیندانییانی بەندی عەقیدەتییان هێناوەتە ئەو بەندە و هەنووکە زیاتر لە ٧٠ کەس لەو بەندەدا، دەژین.

ئەو سەرچاوەیە بە ئاژانسی کوردپا ڕاگەیاند: بەرپرسانی زیندان بە مەبەستی هێنانی زیندانیی زیاتر بۆ بەندی ١٢و گەورەکردنەوەی ئەو بەندە، زیندانییانی سیاسی، بۆ حوسەینییەی زیندان ڕاگواستووە.

هەواڵنێری کوردپا لە زیندانی ورمێ ڕایگەیاند: بەرپرسی زیندان، کەسێکی نەخوێندوار بووە و پاش خوێندنی وانەی \"نێهزەتی سەواد ئامووزی\" لە زیندان، لە تەنیشت زیندانییانی نەخوێندواری ئەو زیندانە، فێری خوێندن و نووسین بووە.

ناوبراو هەروەها دەڵێت: سوهرابی کە هەنووکە بەرپرسی زیندانیی ناوەندیی شاری ورمێیە، پاش فێربوونی خوێندنەوە و نووسین، کرایە بەرپرسی پشکنینی زیندان، دواتر پلەی بەرزکرایەوە بۆ بەرپرسی زیندان و بە یەکێک لە بەرتیل‌خۆرە جێگەقایمەکان دەناسرێ.