گوازتنەوەی دوو زیندانیی سیاسیی کورد بۆ بەندی لاوان لە زیندانی ورمێ

10:35 - 28 رێبەندان 2719

ڕۆژی یەکشەممە ٢٧ی ڕێبەندان، دوو زیندانیی سیاسیی کورد بە ناوەکانی "کامران دەرویشی  و سیامەک ئەشرەفی" لە بەندی زیندانییانی سیاسیی زیندانی ورمێ، بۆ بەندی لاوانی ئەو زیندانە ڕاگوێزران.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو دوو زیندانییە کوردە ڕۆژی ٢٦ی ڕێبەندان دەستیان داوەتە مانگرتن و بەرپرسانی زیندان بە بیانووی جێبەجێ‌کردنی داواکارییەکانیان و ئازادکرانیان، ئەوانیان بۆ بەندی لاوان ڕاگواستووە.

ئە سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت:" بەندی لاوانی زیندانی ورمێ دۆخ دژوارە و ئامانج لە گواستنەوەی ئەو دوو زیندانییە سیاسییە کوردە، کۆتایی پێهێنان بە مانگرتنەکەیان بووە".

"سیامەک ئەشرەفی" لە ڕۆژی سێشەممە ١ی ڕێبەندان، مانی لە خواردن گرتووه و لە ٢٦مین ڕۆژی مانگرتنی خۆی، مانگرتنی وشکی دەسپێکردووە.

داواکاریی ئازادیی بێمەرجی ئەو زیندانییە کوردە لەلایەن لقی ٩ی بەڕێوەبەریی تاوانەکانی دادگای ئینقلابی ورمێ ڕەت کراوەتەوە.

"سیامەک ئەشرەفی" پێشتر ئەندامی یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران بووە و مانگی جۆزەردانی ساڵی ٩٥، پاش گەڕانەوە بۆ ئێران، لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر و دواتر لە دادگای ئینقلابی ورمێ بە ٥ ساڵ و ٨ مانگ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرا.

هەروەها، کامران دەروێشی ڕێکەوتی ١٣ی بانەمەری ساڵی ٩٥ لە ورمێ لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ ماوەی دوو مانگ لە گرتنگەی ستادی خەبەریی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە لە ژێر لێکۆڵینەوە دابووە.

ئەو زیندانییە سیاسییە لە مانگی خەزەڵوەری هەمان ساڵ، لەلایەن لقی ٢ی دادگای ئینقلابی ورمێ بە سەرۆکایەتی دادوەر "شێخلوو" بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپوزیسیۆنی حکوومەتی ئێران" بە ٥ ساڵ زیندانی مەحکووم کرابوو.

ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە لە ساڵی ٩٠، بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپوزسیونی حکوومەتی ئێران" دەسبەسەر و بە ٦ ساڵ زیندان مەحکووم کرابوو.