گرووپە توندڕەوەکان لەرێگەی مەشرووبەوە گیانی لاوانی کوردییان خستووەتە مەترسییەوە

15:32 - 9 خەرمانان 2715
ئاژانسی کوردپا: بەکارهێنانی مەشرووبی ناستاندارد و دەستساز گیانی لاوانی کوردستانی ئێرانی خستووەتە مەترسییەوە و هاوکاتیش باس لەوە کراوە کە گرووپە سەلەفییەکان دەستیان لەو کارەدا هەیە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ماوەیەکە لەشاری سەقز ژمارەیەک لاو بە هۆی خواردنەوەی مەشرووبەوە تووشی قەتڵ و سەرلێشێواوی و بگرە \"نەخۆشی دەروونی\"ش هاتوون و هاووڵاتیانی سەقز ئەو هەڵسوکەوتانە بە سروشتی نازانن.

هەواڵنێری ئاژانسی کوردپا لەشاری سەقزەوە باسی لەوە کردووە، ماوەیەک لەمەوبەر لاوێک بە ناوی \"شایان سەعیدپوور\" تووشی ئەنجامدانی قەتڵ هاتبوو.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە هەواڵنێری کوردپای وتووە، شایان پاش خواردنەوەی مەشرووب، لاوێکی دیکەی کوشتبوو و دواتر دەرکەوتبوو کە بکووژەکە مەشرووبی ناستانداردی بەکار هێناوە.

ئیدارەی پزیشکی دادوەریی ئوستان کوردستان پاش پشکنین و لێکۆڵینەوە بڕیاری لەسەر شێت بوونی شایان دابوو و هەنووکە رەوانەی \"تیمارستانی\" شاری هەمەدان کراوە.

سەرچاوەکە ئاشکراشی کردووە، هەر لەو پێوەندییەدا کەسێکی دیکەش بە ناوی عەبدوڵڵا قادری خەڵکی سەقز بە هۆی خواردنەوەی مەشرووبی ناستاندارد و دەستساز تۆشی بێهۆشی هاتووە و هەنووکە لە \"کۆما\" دایە.

لەدرێژەدا هەاڵنێری کوردپا لەزاری کەسانی ئاگادارەوە رایگەیاندووە، لەماوەی یەک ساڵی رابردووە هەتا ئێستا نزیک بە ٦٠ کەسی خەڵکی شاری سەقز بە هۆی خواردنەوەی مەشرووبی ناستانداردەوە تووشی کێشەی دەروونی هاتوون.

بەوتەی پزشکێکی نەخۆشخانەی سەقز کە نەویست ناوی ئاشکرا بکرێت، ئەو مەشرووبانە بە دەرمانی تایبەت و مادەی سەنعەتی شیشە ئاڵودە کراوە.

لە هەمان کاتیشدا چالاکانی ئەو شارە باوەڕیان وایە، گرووپە ئیسلامییە توندڕەوەکانی وەکوو سەلەفییەکان دەستیان لەو کارەدا هەیە.

یەکێک لە بنەماڵەی ئەو کەسانەی کە تووشی نەخۆشی دەروونی هاتووە وتوویەتی: ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سەقز مەیدان و رێگەی بۆ سەلەفییەکان خۆش کردووە کە لە رێگەی ئەو مەشروبانە لاوان بە لارێدا ببەن و گیانیان بخەنە مەترسییەوە.

ئەمە لە حاڵێکدایە کە مانگی رەشەممە سالی ١٣٩١، زیاتر لە ٥٠ هاووڵاتیی خەڵکی شاری سنە بەهۆی خواردنەوەی مەشرووبی ناستاندارد باری تەندروستییان تێکچووە و بەو هۆیەوە نزیک بە ١٤کەسیان گیانیان لەدەست دابوو.

هەر ئەو کات هاووڵاتیانی خەڵکی سنە لەسەر ئەو باوەڕە بوون کە حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بە هاوکاریی کۆمەڵێک لە دەست و پێوەندییەکانی خۆی لەو شارە لە شوێنێکی تایبەت پاش دەستکاری و ژەهراوی کردنی مەشرووباتی ئەلکولی، بە لاوانی ئەو شارەی دەفرۆشنەوە.