گرووپێکی وەرزشی پشتیوانی خۆی لەكانیاوی \"بڵ\"‌ی نۆدشە دەربڕی

14:31 - 18 جۆزەردان 2714
ئاژانسی كوردپا: گرووپی وەرزشیی \"كانی چوپ آرا\"، كەتایبەت بە دووچەرخەسوارییە بە مەبەستی پشتگیری و رێگری كردن لەفەوتانی كانیاوی بڵ لەنۆدشە، چالاكییان ئەنجام دا.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، ئەو گرووپە وەرزشییە لەرۆژانی پێنجشەممە و هەینی رێكەوتی ١٥ و ١٦‌ی جۆزەردان رێگای نێوان كانی شەفا لەسنە ـ كانیاوی بڵ لە هەورامانیان بە دووچەرخە بڕی.

ئەو گرووپە وەرزشییە بە دروشمی \"پاراستن و بەرگری كردن لە مانەوەی كانیاوی بڵ ئەركی سەرشانمانە\" ئەو چالاكییەیان ئەنجام داوە.

كانیاوی بڵ لەنزیك ئاوایی هەجیج و مەقبەرەی ئیمامزادە عەبیدوڵڵا (ناسراو بە كۆسەی هەجیج) هەڵكەوتووە و هەنووكە بەهۆی دروستكردنی بەنداوی \"داریان\" لە چۆمی سیراوان لە ١٠ كیلۆمیتری شاری نۆدشە لەئوستانی كرماشان خەسارێكی بەرچاوی ژینگەیی بەناوچەكە گەیشتووە و بەو هۆیەوە زۆربەی كانیاوەكانیش بۆ وێنە \"بڵ\" مەترسیی لەناو چوونیان لەسەرە.

كانیاوی بڵ یەك لەو هەزاران كانیاوەیە لەزەنجیرەچیاكانی زاگرۆس هەڵدەقوڵێ‌و ئەوەی‌كە ئەو كانییە لە كانیاوەكانی دیكە جیا دەكاتەوە، ئاوی زۆر و بەرفراوانییەتی و ساڵانە نزیك بە ١٥٠ میلیۆن میتری سێ‌جا بە واتایەكی دیكە لە هەر چركەدا چوارهەزار لیتر ئاوی هەیە و ئەو ئاوەش پێویستی بە پاڵاوتن نیە و خاوێنە و كانی بڵ توانای ئەوەی هەیە ئاوی خواردنەوەی ٢ میلیۆن كەس دابین بكات.

پێشتر د. موختار هاشمی بەرپرسی گرووپی \" فریا كەوتن\"‌ی كانی بڵ لەلێدوانێكدا بۆ ئاژانسی كوردپا ئەوەی خستبووەڕوو: دروست كردنی بەنداوی داریان لە هەورامانات هەڕەشەی فەوتان لە كانی بڵ دەكات.

دوایین راپۆرتەكان لەوپێوەندییەدا كە لە پووشپەڕی ١٣٩٢دا بڵاو كرایەوە، باس لەهێندێ ‌رێكار دەكات كە بە بڕوای د.هاشمی ئەو رێكارانە بەشێوەی كردەیی مەرگی كانیاوەكە بە دوای خۆیدا دەهێنێت وپێویستە بۆ رزگار كردنی كانیاوی بڵ تیمێكی پسپۆڕ لەبوارەكانی زەوی ناسی و ئاو پێك بهێنرێت و پلانە پێشنیاركراوەكان هەڵبسەنگێنێ‌.

پڕۆژەی لێدانی بەنداو تەنیا لە \"بەنداوی داریان\"‌دا قەتیس نەكراوەتەوە و حكوومەتی ئیسلامیی ئێران بەبێ‌لەبەر چاوگرتنی ستانداردە جیهانییەكان پڕۆژەی دروست كردنی چەندین بەنداوی دیكەشی لەو ناوچەیە دەست پێكردووە.

لەئەگەری وەگەڕ كەوتنی بەنداوی داریان، كانیاوی بڵ دەچێتە ژێر ئاو و هیچ ئاسەوارێك لەو كانیاوە نامێنێ‌و لەو بارەیەوە وەزیری وزەی حكوومەتی ئێران وتبووی: لەدروست كردنی بەنداوی داریاندا زێدەرەویمان كردووە و خەسار و لێكەوتەكانیمان لەبەر چاو نەگرتووە.
\"20399.jpg\"

\"20400.jpg\"

\"20398.jpg\"

\"20401.jpg\"

\"20417.jpg\"