گرووپی \"یاران کۆی خۆشەویستیـ\"ـی مەریوان، سەردانی \"جەلال مەلەکشا\"یان کرد

14:45 - 29 پووشپەڕ 2719
ئاژانسی کوردپا: ژمارەیەک له چالاکانی بواری فه‌رهه‌نگیی شاری مه‌ریوان، بۆ ڕێزگرتن له شاعیری کورد، \"جه‌لال مه‌له‌کشا\"، سەردانی ماڵی ناوبراویان کرد.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕوژی پێنجشه‌ممه، ڕێکەوتی ۲۷ی پووشپه‌ڕ، ژمارەیەک له چالاکانی بواری فه‌رهه‌نگیی شاری مەریوان، لەژێر ناوی \"یارانکۆی خۆشه‌ویستی\"، بۆ ڕێزگرتن له شاعیری ناوداری کورد، مامۆستا \"جەلال مەلەکشا\"، چونه شاری سنه ‌و سەردانی ماڵی ئه‌و شاعیرەیان کرد.

لەو سەردانەدا، \"جەلال مەلەکشا\"، وێڕای بەخێرهاتنی میوانان، چەند پارچە هۆنراوەیەکی پێشكەشی ئەندامانی گرووپی یارانکۆی خۆشەویستیی مەریوان کرد.

هەروەها ئەندامانی ئەو گرووپە، بە نیشانەی ڕێزگرتن لەو شاعیرە کوردە، چەند وتار و شێعر و هەروەها چەند پارچە مووسیقایەکیان لەو کۆڕەدا، پێشکەش بە جەلال مەلەکشا کرد.

هه‌روه‌ها چه‌پکەگوڵ و ته‌ندیسێک له لایەن ئەندامانی ئەو گرووپەوە پێشکه‌شی مامۆستا جه‌لال مه‌له‌کشا کرا که ده‌قی په‌یامی نووسراو له‌سه‌ر ته‌ندیسه‌که به‌م چه‌شنه‌یه:

ئه‌ی شاعیری په‌راوێزی ڕوانینه‌کان، زوێر مه‌به،

له چاوماندا هه‌ڵتده‌گرین،

نه ئه‌مه دواهه‌مین نامه‌ی تۆیه بۆ دڵداره به‌په‌له‌که‌ت، نه ئێره جێگه‌ی شێعر دەکاته‌وه.

دڵنیا به نامرن ئه‌وانه‌ی وا له دڵی میلله‌تا ده‌ژین،

مامۆستای ئازیز و خامه زێڕین، کاک جه‌لال مه‌له‌کشا!

یارانکۆی خۆشه‌ویستی، شانازی ده‌کات که ئه‌مجاره بووه‌ته میوانی ماڵه بێنازه‌که‌ی تۆ و به دڵ نازی ئه‌و وشانه‌ت ده‌کێشێت که ته‌مه‌نێکه کردووته قه‌ڵغان بو نیشتمانه ڕه‌نگزه‌ردەکه‌ت.

خۆشه‌ویستی، سامانی تۆ و بیانووی سه‌فه‌ری به کۆمه‌ڵمانه، تکایه وشه‌یەکی په‌پووله‌یی تر بده له به‌رۆکی ئازاری ئه‌م جاره‌مان.

هیوادارین هه‌ناسه‌یەکت بکه‌ینه قه‌ره‌بووی پشوویه‌ک تا هه‌تایی مانه‌وه‌ت له گیانماندا.