گرووپی ژنانی "گەلاریسـ"ـی کرماشان، بانگهێشتی کاناڵی "تی ئاڕ تی"ی تورکیەیان ڕەت کردەوە

12:01 - 21 رەزبەر 2719

ئاژانسی کوردپا: گرووپی ژنانی "گەلاریسـ"ـی شاری کرماشان، بانگهێشتی کاناڵی  TRTی تورکیەیان ڕەت کردەوە و پشتیوانیی خۆیان بۆ ڕۆژئاوا دەربڕی.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، گرووپی ژنانی "گەلاریسـ"ـی شاری کرماشان، لە هەمبەر هێرشی دەوڵەتی تورکیە بۆ سەر ڕۆژئاوا هەڵوێستیان گرت و سەرەڕای دوو مانگ تەمرینکردن، بانگهێشتی کاناڵیTRTی تورکیەیان ڕەت کردەوە.

ئەو گرووپە پاش ڕەتکردەنەوەی بانگهێشتی کاناڵی  TRTی تورکیە، پشتیوانیی خۆیان لە ڕۆژئاوا دەربڕی و هێرشی دەوڵەتی تورکیەیان مەحکووم کرد.

گرووپی ژنانی "گەلاریس" ڕایگەیاندووە: "بە هیوای ئەو ڕۆژە کە شەرافەت و مرۆڤایەتی و ئاشتی، جێگای سیاستی نژادپەرستی و شەڕ بگرێتەوە".

گرووپی ژنانی "گەلاریس" لە ساڵی ٩٦ی هەتاوی، لە شاری کرماشاندا دامەزراوە و لە بواری مۆسیقای فۆلکلۆر و سونەتی چالاکیی هەیە و هەتا ئێستا چەندین کۆنسێرتی لە "سلێمانی، کفری، چوار مەحاڵی بەختیاری و کرماشان" بەڕێوەبردووە.