گرووپی مۆسیقای کوردانی خۆراسان لە مەریوان کۆنسێرتیان بەرێوەبرد

15:44 - 9 پووشپەڕ 2714
ئاژانسی کوردپا: گرووپی مۆسیقای کوردانی خۆراسان، کە بە میوانداریی ناوەندی فەرهەنگی- هونەریی \"ڤەژین\"ی هاتبوونە شاری مەریوان، بۆ ماوەی ٣ رۆژ کۆنسێرتی مۆسیقا و گۆرانییان بەرێوە برد.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، گرووپی مۆسیقای کوردەکانی ئوستانی خۆراسانی باکوور بەناوی \"هەرای\"، کەلە هونەرمەند و ژەنیارانی کوردی خۆراسان پێکهاتبوو، بۆ ماوەی سێ رۆژ لە شاری مەریوان مۆسیقا و گۆرانیان پێشکەش کرد.

گرووپی مۆسیقای هەرای، کەلە رۆژانی ٦، ٧ و ٨ی پووشپەڕدا لە شاری مەریوان مۆسیقا و گۆرانییان پێشکەس کرد، سەرجەمیان خەڵکی شاری کوردنشینی قووچان بوون و بە جلوبەگی کوردییەوە لە کۆنسێرتەکەدا ئامادە بوون.

دوایین رۆژی کۆنسێرتی مۆسیقایی گرووپی \"هەرای\" بە چەند تابلۆ هەلپەڕکێی گرووپی هەڵپەڕکێی \"تورغە\" و هەڵپەڕکێی کوردانی خۆراسان کۆتایی پێ هات.

ئەم گرووپە مۆسیقایە لە شەشەمین فستیڤاڵی سەرتاسەریی بەیت و حەیرانی سەردەشتدا بەشدارییان کرد، کە تیایدا ٢ پارچە مۆسیقا و گۆرانییان پێشکەش کردو توانیان پلەی دووەمی ئەو فستیڤاڵە بەدەست بێنن.

گرووپی مۆسیقای هەرای ساڵی ٨٤ دامەزراوەو ساڵی ٨٩ دەستی بە چالاکی کردووە، کە نەستەرەن ئەبولحەسەنی‌زادەی قووچانی (سەرپەرستی گرووپ و دەهۆڵ‌ژەن)، موژگان خۆش‌ئەندام (ئاهەنگساز و کاری تەنزیم)، حامید بوڵەندهیمەت (تووزەلە)، پەیمان مەنمەعی (دووتار ژەن)، رەزا خوسرەوی (ژەنیاری کەمانچە)، سەید مەیسەم مووسەوی (ژەنیاری دەف و دایرە)، مەهسا عەلی تەڵەب (ژەنیاری ئامێرەکانی پرکاشن)، شەرارە فیلاب (گۆرانیبێژ)، حەسەن قەدیمی(گۆرانیبێژ)، موحسین قەدیمی(گۆرانیبێژ) لە ئەندامانی ئەو گرووپەن.
\"20855.jpg\"

\"20856.jpg\"