گرفتی نەخۆشییە شێرپەنجەییەکان/ یەک دەزگای رادیۆتوراپۆ بۆ سێ ئوستانی ئیلام، کرماشان و لوڕستان

18:24 - 9 رێبەندان 2713
ئاژانسی کوردپا: نەخۆشییە شێرپەنجەییەکانی ئوستانی کرماشان بەرەڕووی کەمیی دەواو دەرمان بوونەتەوە و لە ئێستادا دەواو دەرمانی نەخۆشیی شێرپەنجە لەو ئوستانەدا دەست ناکەوێت.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ لە کاتێکدا هەر ساڵە هەزار هەتا ١٢٠٠ نەخۆشی نوێی تووشبوو بە شێرپەنجە لە ئوستانی کرماشان خۆیان بە ناوەندە دەرمانییەکان دەناسێن، ئەو ئوستانە تەنیا یەک دەزگای رادیۆتوراپی تایبەت بە نەخۆشیییە شێرپەنجەییەکانی تێدایە.

بەرپرسی ئەنجومەنی نەخۆشییە شێرپەنجەییەکانی ئوستانی کرماشان بە هەواڵدەریی ئیسنای راگەیاندووە، لە ئوستانی کرماشان تەنیا یەک دەزگای رادیۆتوراپی بۆ دەرمان کردنی نەخۆشیی شێرپەنجە بوونی هەیە ئەوەش لە حاڵێک دایە، کە نەخۆشییە شێرپەنجەییەکانی سێ ئوستانی کرماشان، ئیلام و لوڕستان تەرخان کراوە.

ئەو بەرپرسەی ئەنجومەنی نەخۆشییە شێرپەنجەییەکانی ئوستانی کرماشان رایگەیاندووە کە زۆربەی نەخۆشەکانی تووشبوو بە شێرپەنجە، بۆ نەخۆشیی شێرپەنجەی مەمک و ریخۆڵە دەگەرێتەوە، کە لەسەرەوە بوونی ئاماری شێرپەنجەی مەمک بۆتە هۆی ئەوەی کە ژمارەیەک لە ژنە چالاکانی کوردی ئیلام و کرماشان بە یارمەتیی کۆمیسیۆنی کاروباری ژنانی کانوونی پارێزەرانی دادگوستەری و کۆمیسیۆنی مافی مرۆڤی سەربەو کانوونە، لە راستای کەمکردنەوەی شێرپەنجەی مەمک و منداڵدان چالاکییەکی ئاگادار کردنەوە، لە چوار ئوستانی کرماشان، ئیلام، هەمەدان و کوردستان ئەنجام ئەدەن.

نەسیم ئەمیری باسی لەوەش کردووە، زۆربەی نەخۆشە شێرپەنجەییەکانی وڵاتی ئێراقیش بۆ دەرمانی شێرپەنجە سەردانی نەخۆشخانەی کرماشان دەکەن، کە بەهۆیەوە نەخۆشەکان دەبێ بۆ ماوەی دوو مانگ لە نۆبەدا رابوەستن.

ئەو بەرپرسە ئاماژەی بەوەش کردووە، زۆربەی دەواو دەرمانی نەخۆشەکان لە ئوستانی کرماشان دەست ناکەون و هاوکات هەر نۆبەیەکی شیمی دەرمانی ٨٠٠ هەزار تمەن تێچوو هەڵدەگرێت، ئەوەش لە کاتێکدایە کە هەر نەخۆشێکی شێرپەنجە دەبێ ٦ هەتا ١٢ جار شیمی دەرمانی بکرێت.

لەلایەکی دیکەوە گرانیی دەواو دەرمان و تێچووی رادیۆتوراپی تەنگی بە نەخۆشەکان هەڵچنیوە و بە وتەی نەسیم ئەمیری ئەگەر کەسێک لە ژێر چەتری بیمەدا نەبێت دەبێ هەر جارەی کە چارەسەریی رادیۆتوراپی بۆ ئەنجام ئەدرێت دەبێ بڕی سێ هەتا چوار ملیۆن تمەن بە نەخۆشخانە بدات.

لەکاتێکدا بەپێی ئامارەکان زۆربەی بنەماڵەی تووشبوان بە نەخۆشیی شێرپەنجە لەژێر هێڵی هەژاریدان، بەپێی یاسای وەزارەتی بێهداشت و دەواو دەرمان تەنیا ئەو کەسانە تێچووی رادیۆ توراپی نادەن، کە لە ژێر چەتری بیمەی هێزە چەکدارەکان و بیمەی تەئمین ئیجتماعی‌دا بن.