گرتن و کردنەوەی دۆسیەی قەزایی لە کوردستان درێژەی هەیە

14:22 - 15 رەشەمه 2715
ئاژانسی کوردپا: لە سەقز، ناوەندە ئەمنییەکانی حکوومەتی، ٢ ‌هاووڵاتی دەستبەسەر و دۆسیەی مامۆستایەکی دیکەش دەنێرێتە دادگای شوڕشی ئەو شارە.

بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە هەواڵدەریی کوردپا، لە چوارچێوەی زەخت خستەسەر چالاکانی مەدەنی کوردستان، بۆ مامۆستایەکی سەقزی بەناوی \"تاهیر قادرزادە\" دۆسیەی دادگایی ڕێکخراوە.
ئیدارەی ئیتلاعات، تۆمەتی \"پڕۆپاگەندە دژی نیزامی\" داوەتە پاڵ ئەو هاووڵاتییە.

ئەو مامۆستایە ئەندامی ناوەندی سینفی مامۆستایانی کوردستانە و هەنوکە دۆسیەکەی بۆ لقی پێنجەمی دادگای شوڕشی شاری سەقز گەڕێنداوەتەوە.

دەگوترێت تاهیر قادرزادە لە یەک ساڵی ڕابردوودا چەندین جار بانگهێشتی ناوەندە ئەمنییەکانی حکومەتی ئیسلامیی ئێران لە سەقز کراوە.

هەروەها لەو شارە، ٢ هاووڵاتی کە خۆشک و برای یەکترن لەلایەن ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنی نادیار گوازراونەتەوە.

ناسنامەی ئەو دوو کەسە، فەوزیە و ئاوات حوسین زاده ڕاگەیێندراوە کە تەمەنیان لەنێوان ٢٥ تا ٣٠ ساڵە.

پێوەندی لەگەڵ ئۆپوزسیۆنی کوردی دژبەری حکوومەتی ئیسلامی ئێران، هۆکاری دەستبەسەرکردنی ئەو دوو ‌هاووڵاتییەیە.

لەپاش هەڵبژاردنەکانی ٧ی ڕەشەممە، کوردستان شەپۆلێکی بانگهێشت کردن و گیرانی چالاکانی مەدەنی بەخۆوە بینیوە کە هێمایەکە بۆ گەڕانەوەی کەشی ترس و دڵەڕاوکێ لەپاش هێمنی سەروبەندی دەنگدان.

لینکی پێوەندیدار:
دەستبەسەرکردنەکان لە کوردستان دەستی پێکردەوە
سەرلەنوێ بنەماڵەی چالاکانی سیاسیی کورد کەوتنە ژێر گوشار