گرانیی شتومەک لە بازاڕەکانی ئیلام و نیگەرانیی هاووڵاتییان

21:21 - 27 پووشپەڕ 2713
ئاژانسی کوردپا: نرخی پێداویستیی رۆژانەی هاووڵاتییان لە شاری ئیلام لە دەستپێکی مانگی \"رەمەزان\"ـەوە بەشێوەیەکی بەرچاو رووی لە زیادبوون کردووە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، نرخی زۆربەی ماددە خۆراکییەکان لە بازاڕەکانی ئیلام بە بەراورد لەگەڵ ساڵی رابردوو لە ١٠%ـەوە بۆ ١١١% زیادبوونی بەخۆیەوە بینیوە و ئەمەش هاووڵاتییانی \"دەستکورت و هەژار\"ی بەرەوڕووی برسیەتی کردۆتەوە.

بەوتەی زۆرێک لە دووکاندار و بازاڕیانی شاری ئیلام، بەهۆی گرانیی ماددە خۆراکییەکان هاووڵاتییان بەزۆری روویان لەکڕینی میوە و خواردەمەنیی دەرەجە ٢ کردووە و بەو هۆیەوە زۆربەی دەستفرۆشیی سەر شەقامەکان بەرەوڕووی بێکاری بوونەتەوە.

لەلایەکی دیکەوە رۆژنامەی \"قانون\" لە راپۆرتێکدا بڵاوی کردەوە، لەگەڵ دەستپێکی مانگی رەمەزان لە ئێران، نرخی \"شیرەمەنی ٤٠%، هێلکە ٥٩،٧%، برنج ٦٤،٢%، دانەوێڵە ١١١% و سەوزە ٨٤،٤% \" بەبەروارد لەگەڵ ساڵی ١٣٩١ روویان لە زیادبوون کردووە.

لە درێژەی ئەو راپۆرتەدا هاتووە، لە مانگی پووشپەڕی ئەمساڵدا نرخی \"گۆشت ٥٥،٦%، مریشک ١١،٩%، چایی ١٠٠%، رۆن ٥٨،٢%، میوە ١٨،٣% \" بە بەراورد لەگەڵ ماوەی هاوشێوەی ساڵی رابردوو زیادیان کردووە.

هەر لەو پەیوەندییەدا نرخی زۆربەی کەلووپەلە خۆراکییەکانی وەک: هەر کیلۆیەک بامیە و زلوبیا لە ٤٠ هەزار تمەنەوە بۆ ٧ هەزار تمەن و کەلـلە پاچە لە ١٨ هەزار تمەنەوە بۆ ٣٠ هەزار تمەن چوونەسەرەوەی بەخۆیەوە بینیوە.

هەروەها چالاکانی سەنعەتی شیرەمەنی لە ئێران رایانگەیاندووە، نرخی شیر لەماوەی ٣ ساڵی رابردوودا ٢٠٠% بەرەو هەڵکشان چووە.