گازی قوتابخانەی کچانەی گوندی نییەر بەهۆی قەرزدارییەوە پچڕا

10:03 - 10 خەزەڵوەر 2719

ئاژانسی کوردپا: گازی قوتابخانەی کچانەی یەکێک لە گوندەکانی سەر بە شاری سنە، لە لایەن ئیدارەی گازی ئەو شارەوە پچڕا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو به ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئیدارەی گازی سنە، گازی قوتابخانەی کچانەی "زانیاران" لە گوندی نییەری به‌هۆی قەرزدارییەوە پچڕاندووە.

منداڵانی سێ گوندی "نییەر، مێراو و تەنگیسەر"، لەو قوتابخانەیە قوتابین.

هەواڵنێری کوردپا لە نییەر ڕایگەیاندووە: "ئیدارەی گازی سنە کۆنتۆری گازی ئەو قوتابخانەیەی پلۆمپ کردووە".

یەکێک لە قوتابییان لە وتووێژ لەگەڵ ئاژانسی کوردپا وتوویەتی: "دوای پچڕانی گازی ئەو قوتابخانەیە، ئێمە لە هەوای سارد و نەگونجاودا دەرس دەخوێنین و ئەوەش ناڕەزایەتیی قوتابییانی لێکەوتووەتەوە".

هەتا ئێستا بەرپرسانی پێوەندیدار هەوڵێکیان بۆ چارەسەریی کێشەی ئەو قوتابخانەیە نەداوە.

قوتابخانەی کچانەی "زانیاران"، زیاتر لە ٩٠٣ میتری چوارگۆشە ژێرخانی هەیە و قوتابییانی سێ گوندی "نییەر، تەنگیسەر و میراو" وانەی تێدا دەخوێنن.