گازگرتوویی گیانی سێ ئەندامی بنەماڵەیەکی ئەستاند

10:56 - 1 رێبەندان 2721

پەنگخواردنەوەی گازی مۆنۆکسیدی کەربۆن (co) لە ماڵێکدا، لە شاری کەنگاڤەر سەر بە پارێزگای کرماشان، گیانی سێ ئەندامی بنەماڵەیەکی ئەستاند.

هەواڵی گیانلەدەستدانی ئەو سێ هاووڵاتییە، ڕۆژی ڕابردوو بڵاو بووەوە، بەڵام  بەرپرسی پەیوەندییە گشتییەکانی ئۆرژانسی پارێزگای کرماشان وتی: "ئەگەری هەیە دوو یان سێ ڕۆژ پێشتر تووشی ئەو ڕووداوە بووبن".

ئەو ڕووداوە لە شارەکی "حەسەن‌ئاوا"ی شاری کەنگاڤەر ڕووی داوە.

هەرچەند شوناسی ئەو سێ کەسە هەتا ئێستا ناڕوونە، بەڵام هەواڵدەرییە حکوومەتییەکان، تەمەنی ئەو سێ کەسەی بە پیاوێکی ٦٥ ساڵ و دوو ژنی ٥٧ ساڵ و ٢٨ ساڵە، بڵاو کردووەتەوە.

 هاوکات لەگەڵ دەسپێکی وەرزی سەرما، ئاماری قوربانییانی گازگرتوویی و خنکان بە مۆنۆکسیدی کەربۆن ڕووی لە زیاد بوونە و ساڵانە چەند کەس دەبنە قوربانیی گازگرتوویی.