گازگرتوویی گیانی دوو هاووڵاتیی كوردی لەشاری هەمەدان ستاند

14:38 - 30 سەرماوەز 2713
ئاژانسی كوردپا: دوو هاووڵاتیی كوردی خەڵكی ئاواییەكی رەوانسەر، لەشاری هەمەدان بە هۆی گازگرتوویەوە گیانیان لەدەست دا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، رۆژی پێنجشەممە رێكەوتی ٢٨ی سەرماوەز كیانووش موزەفەری تەمەن ١٨ ساڵ و كوڕی فارس و رەمەزان موزەفەری تەمەن ٣٧ ساڵ بە هۆی گاز گرتوویەوە (پیكنیک) لەشاری هەمەدان گیانیان لەدەست داوە.

ئەو دوو هاووڵاتییە کوردەی خەڵكی ئاوایی \"خەراجیان\"‌ی سەر بەشارستانی رەوانسەر بوون و بۆ كاسبی و هێنانی میوە روویان لەباكووری ئێران كردبوو.

كیانووش و رەمەزان موزەفەری بەهۆی سەرماوسۆڵەوە پیكنیكیان لەنێو ماشێنەكەیاندا (سایپا) هەڵكردبوو و لەئەنجامدا بەهۆی گازی کەربۆن co2 وە گیانیان لەدەست داوە.

هەر لەو پێوەندییەدا رێكەوتی ٢٥ سەرماوەزیش مامۆستایەكی ئاینییی بەناوی \"محەممەد ئەمینی\" تەمەن ٢٧ ساڵ و كوڕی ئەحمەد لە گوندی \"خاو\"ی سەربە شاری مەریوان بەهۆی گازگرتوویی گیانی لەدەست دابوو.

بەپێی ئاماری رێكخراوی \"پزش قانوونی\" ئوستانی كرماشان، لەماوەی ٨ مانگی ئەمساڵدا \"خاكەلێوە هەتا خەزەڵوەر\" ١٩ هاووڵاتیی لە ئوستانی کرماشان بەهۆی گازگرتووییەوە گیانیان لەدەست داوە.

سەرچاوەكە ئەوەشی خستۆتە روو ئەو رێژەیە بە نیسبەت ٨ مانگی وێچووی ساڵی ٩١ی هەتاوی، ١٠ حاڵەت چوونەسەرەوەی بەخۆیەوە بینیوە.