گازگرتوویی گیانی بەخشداری پێشووی مەریوانی ئەستاند

20:37 - 29 بەفرانبار 2715
ئاژانسی کوردپا: بەخشداری پێشووی شاری مەریوان، بە هۆی گازگرتووییەوە لە ماڵەکەی خۆیدا گیانی لەدەست دا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ٢٨ی بەفرانباری ١٣٩٤ی هەتاوی، \"عەبدوڵڵا شەریفی\" بەخشداری پێشووی شاری مەریون، تووشی گازگرتوویی بووە و گیانی لەدەست داوە.

سەرچاوەیەک لە شاری مەریوانەوە بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: \"ناوبراو لە کاتژمێری ٩ی شەوەوە تووشی ئەو ڕووداوە بووە و هەتا کاتی بڵاو بوونەوەی ئەم هەواڵە، تەرمەکەی لە سەردخانەی بووعەلیی شاری مەریوان ڕاگیراوە.
دەوترێ، مردنی ناوبراو بە هۆی دزەی گاز لە ئاوگەرمکەرەوەی ماڵەکەیەوە بووە.

ماوە ماوە لە کوردستان بە هۆی ناستانداردبوونی کەرەستە گازییەکان و کەمتەرخەمیی ناوەندەکانی چاوەدێری بە سەر بەرهەمهێنەرانی ئەو کەرەستانەدا، شایەتی گیان لەدەستدانی هاووڵاتییان لە کوردستانی ڕۆژهەڵات دەبین.