گازگرتوویی لە شاری جوانڕۆ گیانی بنەماڵەیەکی ٤ کەسیی ستاند

13:11 - 13 خەزەڵوەر 2713
ئاژانسی کوردپا: بەهۆی بڵاوبوونەوەی گازی کەرەسە گازییەکان، بنەماڵەیەکی ٤ کەسی لە شاری جوانڕۆ گیانیان لەدەست دا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، نیوە شەوی ١١ی رەزبەر بنەماڵەیەکی چوار کەسی لەشاری جوانڕۆی سەربە ئوستانی کرماشان بەهۆی گازگرتووییەوە بوونە قوربانی.

ناسنانەمەی ئەو چوار ئەندامی بنەماڵەیە؛ ساڵح چەمەنزاری (باوکی بنەماڵە)، زەینەب (دایک)، بەیان (کچ) و بەشیر (کوڕ) راگەیەندراوە.

ئەو رووداوە لە گەڕەکەی \"عەمەلە\"ی شاری جوانرۆ و لە تەنیشت مزگەوتی \"ئالی محەممەد\" هاتۆتە ئاراوە.

بەپێی ئاماری رێکخراوی پزیشکی دادوەریی ئوستانی کرماشان، لە سەرەتای ئەمساڵەوە هەتا کۆتایی مانگی گەلاوێژ، ٢ کەس بۆهۆی گازگرتوویەوە گیانیان لەدەست داوە.

هاوکات لەگەڵ دەستپێکی وەرزی سەرما، ئاماری قوربانیانی گازگرتوویی و خنکان بە مۆنۆکسیدی کەربۆن روو لە زیاد بوون دەکات و لە ماوەی رۆژانی رابردوودا پلەی گەرمیی هەوا لە ناوچەکانی رۆژئاوای ئێران نزیک بە ١٠ دەرەجە دابەزیووە.

ساڵانە دەیان هاووڵاتی لە وڵاتی ئێران بە هۆی ناستاندارد بوونی کەرەسە گازییەکان و هەروەها نەبوونی چاوەدێریی پێویست لەسەر کارگەی بەرهەمهێنانی کەرەسە گازییەکان و لەلایەکی دیکەشەوە کەمتەرخەمیی هاووڵاتییان سەبارەت بە لەبەرچاوگرتنی مەرجە ئیمەنییەکان، دەبنە قوربانی.

نزیک بە ٤٠ لە سەدی ئەو کەسانەی کە بە هۆی گازگرتوویەوە گیانیان لەدەست ئەدەن، لە ئەنجامی بەکارهێنانی کەرەسەی ناستانداری گازییەوە بووە.
\"16542.jpg\"