گازگرتووی دوو کرێکاریکی خەڵکی شاری ورمێی لە هەرێمی کوردستان کردە قوربانی

13:55 - 3 خاکەلێوه 2719
ئاژانسی کوردپا: دوو هاووڵاتی کورد خەڵکی شاری ورمێ، کە بۆ کرێکاری و دابینکردنی بژیوی ژیانیان ڕوویان لە هەرێمی کوردستان کردبوو، تووشی گازگرتووی بوون.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، شەوی پێنجشەممە ١ لە سەر ٢ی خاکەلێوە، دوو هاووڵاتی کورد بە ناوەکانی \"بێهرووز عەبدی\" و \"پووریا عەبدی\" تەمەن ١٥ ساڵ خەڵکی شاری ورمێ، لە سەیرانگەی شێخ تورابی نزیك شاری هەولێر بە هۆی گازگرتووی\"پووریا عەبدی گیانی لە دەستدا و بێهروزی عەبدیش لەم ژێرچاوەدێری پزیشکی دایە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەیەوە بە ئاژانسی کوردپا ڕایگەیاند: ئەو دوو هاووڵاتییە باوک و کوڕ بوون، لە سەیرانگایی شیخ توراب لە نێو خێوەت دابوون، بۆ جێ گەرم كردن شوێنی حەوانەوەیان، پۆلووی ڕژوویان بردووە نێو چادر و تووشی ئەو ڕووداوە بوون.

بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، سەرەڕای گیان لە دەستدانی پووریا عەبدی، بێهرووز عەبدی بە هۆی ئەو ڕووداوەو، لە نەخۆشخانە شاری هەوڵێر، لە ژێرچاوەدێری پزیشکی دایە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەیشی خستەڕوو کە، پووریا عەبدی تاقانە بووە و بەو هۆی ئەو ڕووداوە، گیانی لە دەست داوە و ئەو دوو هاووڵاتییە کوردە، ماوەی ساڵێکە ڕوویان لە هەرێمی کوردستان کردووە.

بە هۆی خرابی باری ئابووری ئێران و نەبوونی هەلی کار لە خۆرهەڵاتی کوردستان، هاووڵاتییانی کورد لە خۆرهەڵاتی کوردستان بۆ دابینکردنی بژیوی ژیانیان ڕوو لە شارەکانی هەرێمی کوردستان دەکەن و لەو پەیوەندییەدا، زۆرجار هاووڵاتییان تووشی ڕووداوی کار دەبن.

\"\"