کەیوومەرس ئەمیری بانگهێشتی ئیتلاعاتی سپای کرماشان کرا

12:38 - 29 رەشەمه 2721

ڕۆژی شەممە ٢٨ی ڕەشەمە، "کەیوومەرس ئەمیری" ناسراو بە "لەک ئەمیر" شاعیر و ڕۆژنامەوانی کرماشانی، بانگهێشتی ڕێکخراوی ئیتلاعاتی سپای پاسداران لە کرماشان کرا.

هەواڵدەریی "هێرانا" لەمەڕ بانگهێشتکردنی ئەو شاعیرە کوردە نووسیوویەتی: "ئەو بانگهێشتکردنە بۆ پێشگرتن لە بەڕێوەبردنی جێژنی نەورۆز بووە. پاش نەچوونی ئەو ڕۆژنامەنووسە بۆ ئەو ناوەندە ئەمنییەتییە، ڕۆژی شەممە ٢٨ی ڕەشەمە هێزە ئەمنییەتییەکان بە دوای ئەو شاعیرەدا چوونە گوندی کلە جوب سەر بە بەخشی فیروزئابادی شاری کرماشان".

بەپێی ڕاپۆرتی هێرانا، ژمارەیەک لە هاووڵاتییانی ئەو گوندە شایەتی گەڕانی هێزە ئەمنییەتییەکان بە شوێن کەیوومەرس ئەمیری لە کاتی بەڕێوەچوونی ڕێورەسمی جێژنی نەورۆز بوون.

مانگی ڕێبەندانی ساڵی ڕابردوو، موڵەتی بڵاوکراوەی "ماهیدەشت" لەژێر گوشاری ئیدارەی ئیتلاعاتی کرماشان هەڵوەشابووەوە. بڵاوکراوەی ماهیدەشت لە ساڵی ١٣٧٧ دەستی بە کار و چالاکی لە بواری چاپ و بڵاوکردنەوەی بەرهەمی نووسەرانی کورد کردووە.