کەیوومەرس لەتیفی پاش ١٢٥ ڕۆژ لە دەسبەسەری بە دانانی بارمتە لە زیندانی سنە ئازاد کرا

18:03 - 30 جۆزەردان 2722

ئەمڕۆ دووشەممە ٣٠ی جۆزەردان، "کەیوومەرس لەتیفی" چالاکی مەدەنی و مامۆستای زمانی کوردی، پاش ١٢٥ ڕۆژ بە شێوەی کاتی بە دانانی بارمتە لە زیندانی سنە ئازاد کرا.

ئەو مامۆستایەی زمانی کوردی بە دانانی بارمتەی ٦٠٠ ملیۆن تمەنی هەتا کاتی دادگاییەکەی ئازاد کراوە.

تۆمەتی ‌وەپاڵدراو دژی ئەو چالاکە مەدەنییە "پڕوپاگەندە دژی نیزام و ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران" ڕاگەیەندراوە.

ڕۆژی یەکشەممە ٢١ی خاکەلێوە، ئەو چالاکه مەدەنی و مامۆستایەی زمانی کوردی لە زیندانی سنە بۆ گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە ڕاگوێزرابوو.

پێشتریش هێزە ئەمنییەتییەکان هەڕەشەیان لە بنەماڵەی ئەو چالاکە مەدەنییە کردبوو کە لە میدیاییکردنی دەسبەسەرکردنی "کەیوومەرس" خۆ ببوێرن و بێدەنگی هەڵبژێرن.

ڕۆژی چوارشەممە ٢٥ی ڕەشەمەی ساڵی ١٤٠٠، کەیوومەرس لەتیفی چالاکی مەدەنی و مامۆستای زمانی کوردی لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە بۆ زیندانی ناوەندیی ئەو شارە ڕاگوێزرابوو.

ڕۆژی سێشەممە ٣ی ڕەشەمەی ساڵی ڕابردوو، بنەماڵەی "کەیوومەرس لەتیفی" بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە کران و لێپرسینەوەیان لەگەڵ کرابوو.

ڕۆژی شەممە ٣٠ی ڕێبەندانی ساڵی ١٤٠٠، هێزە ئەمنییەتییەکان لە ئەنجامی بەدواداچوونی بنەماڵەی کەیوومەرس لەتیفی بۆ ئاگاداربوون لە چارەنووسی ناوبراو، خوشکی ئەو چالاکە مەدەنییەیان بە ناوی "ئارەزوو لەتیفی" دەسبەسەر کردبوو.

"ئارەزوو لەتیفی'' پاش دەسبەسەرکرانی کورتماوە، بەهۆی نالەباربوونی دۆخی تەندروستی و لێدانی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە، ڕەوانەی نەخۆشخانەی ''تەوحید''ی سنە کرابوو.

ڕۆژی سێشەممە ٢٦ی ڕێبەندانی ساڵی ١٤٠٠، کەیوومەرس لەتیفی تەمەن ٤١ ساڵ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکان دەسبەسەر کرابوو.

کەیوومەرس چالاکی مەدەنی و وانەبێژی زمانی کوردی بووە و پێشتر ئەندامی ئەنجومەنی "مەولەوی" لە سنە بووە.

کەیوومەرس لەتیفی مانگی خەرمانی ساڵی ٩٨، بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکان دەسبەسەر و ڕێکەوتی ٥ی بەفرانباری هەمان ساڵ، بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوو.