کەیوومەرس لەتیفی مامۆستای زمانی کوردی لە زیندانی سنە بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە ڕاگوێزرا

11:36 - 23 خاکەلێوه 2722

ڕۆژی یەکشەممە ٢١ی خاکەلێوە، "کەیوومەرس لەتیفی" چالاکی مەدەنی و مامۆستای زمانی کوردی لە زیندانی سنە بۆ گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە ڕاگوێزرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، لە هۆکاری ڕاگواستنی ئەو چالاکە مەدەنییە بۆ گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە زانیارییەکی ورد لەبەر دەستدا نییە.

ڕۆژی چوارشەممە ٢٥ی ڕەشەمەی ساڵی ١٤٠٠، کەیوومەرس لەتیفی چالاکی مەدەنی و مامۆستای زمانی کوردی لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە بۆ زیندانی ناوەندیی ئەو شارە ڕاگوێزرا.

پێشتریش هێزە ئەمنییەتییەکان هەڕەشەیان لە بنەماڵەی ئەو چالاکە مەدەنییە کردووە کە لە میدیاییکردنی دەسبەسەریی کەیوومەرس خۆ ببوێرن و بێدەنگی هەڵبژێرن.

ڕۆژی سێشەممە ٣ی ڕەشەمەی ساڵی ڕابردوو، بنەماڵەی "کەیوومەرس لەتیفی" چالاکی مەدەنیی خەڵکی شاری سنە، بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە کران و لێپرسینەوەیان لەگەڵ کرابوو.

ڕۆژی شەممە ٣٠ی ڕێبەندانی ساڵی ١٤٠٠، هێزە ئەمنییەتییەکان لە ئەنجامی بەدواداچوونی بنەماڵەی کەیوومەرس لەتیفی بۆ ئاگاداربوون لە چارەنووسی ناوبراو، خوشکی ئەو چالاکە مەدەنییەیان بە ناوی "ئارەزوو لەتیفی" دەسبەسەر کردبوو.

ئارەزوو لەتیفی پاش دەسبەسەرکرانی کورتماوە، بەهۆی نالەباربوونی دۆخی تەندروستی و لێدانی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە، ڕەوانەی نەخۆشخانەی تەوحیدی سنە کرابوو.

ڕۆژی سێشەممە ٢٦ی ڕێبەندان ساڵی ١٤٠٠، "کەیوومەرس لەتیفی" تەمەن ٤١ ساڵ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکان دەسبەسەر کرابوو.

کەیوومەرس چالاکی مەدەنی و وانەبێژی زمانی کوردی بووە و پێشتر ئەندامی ئەنجومەنی مەولەوی لە سنە بووە.

لەتیفی خەرمانانی ٩٨یش بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران" دەسبەسەر و ٥ی بەفرانباری هەمان ساڵ بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوو.