کەیوومەرس لەتیفی مامۆستای زمانی کوردی دووبارە لە ئیتلاعاتی سنە بۆ زیندانی ناوەندیی ئەو شارە گوازرایەوە

13:26 - 20 بانەمەڕ 2722

ئەمڕۆ سێشەممە ٢٠ی بانەمەڕ، کەیوومەرس لەتیفی، مامۆستای زمانی کوردی لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە، دووبارە بۆ زیندانی ناوەندیی ئەو شارە ڕاگوێزرایەوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئەمنییەتییەکان ئەو چالاکە مەدەنییەیان بە "پڕوپاگەندە دژی نیزام و ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران" تۆمەتبار کردووە.

ڕۆژی یەکشەممە ٢١ی خاکەلێوە، ئەو چالاکه مەدەنی و مامۆستای زمانی کوردییە لە زیندانی سنە بۆ گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە ڕاگوێزرابوو.

پێشتریش هێزە ئەمنییەتییەکان هەڕەشەیان لە بنەماڵەی ئەو چالاکە مەدەنییە کردبوو کە لە میدیاییکردنی دەسبەسەرکردنی کەیوومەرس خۆ ببوێرن و بێدەنگی هەڵبژێرن.

ڕۆژی چوارشەممە ٢٥ی ڕەشەمەی ساڵی ١٤٠٠، کەیوومەرس لەتیفی چالاکی مەدەنی و مامۆستای زمانی کوردی لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە بۆ زیندانی ناوەندیی ئەو شارە ڕاگوێزرابوو.

ڕۆژی سێشەممە ٣ی ڕەشەمەی ساڵی ڕابردوو، بنەماڵەی "کەیوومەرس لەتیفی" بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە کران و لێپرسینەوەیان لەگەڵ کرابوو.

ڕۆژی شەممە ٣٠ی ڕێبەندانی ساڵی ١٤٠٠، هێزە ئەمنییەتییەکان لە ئەنجامی بەدواداچوونی بنەماڵەی کەیوومەرس لەتیفی بۆ ئاگاداربوون لە چارەنووسی ناوبراو، خوشکی ئەو چالاکە مەدەنییەیان بە ناوی "ئارەزوو لەتیفی" دەسبەسەر کردبوو.

"ئارەزوو لەتیفی'' پاش دەسبەسەرکرانی کورتماوە، بەهۆی نالەباربوونی دۆخی تەندروستی و لێدانی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە، ڕەوانەی نەخۆشخانەی ''تەوحید''ی سنە کرابوو.

ڕۆژی سێشەممە ٢٦ی ڕێبەندانی ساڵی ١٤٠٠، کەیوومەرس لەتیفی تەمەن ٤١ ساڵ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکان دەسبەسەر کرابوو.

کەیوومەرس چالاکی مەدەنی و وانەبێژی زمانی کوردی بووە و پێشتر ئەندامی ئەنجومەنی "مەولەوی" لە سنە بووە.

کەیوومەرس لەتیفی مانگی خەرمانی ساڵی ٩٨، بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکان دەسبەسەر و ڕێکەوتی ٥ی بەفرانباری هەمان ساڵ، بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوو.