کەیوان کەریمی ڕەوانەی ژووی تاکەکەسی زیندانی ئیڤین کرا

15:01 - 4 سەرماوەز 2716
ئاژانسی کوردپا: دادسەرای زیندانی ئێڤینی شاری تاران، پاش بانگهێشت کردنی زارەکی کەیوان کەریمی، ناوبراوی دەستبەسەر کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی چوارشەممە ٣ی سەرماوەز،کەیوان کەریمی دێکیومێنتارسازی خەڵکی شاری بانە لە کوردستانی ڕۆژهەڵات بۆ بەڕێوەچوونی ماوەی حوکمەکەی ڕەوانەی زیندانی ئیڤینی تاران کرا.

ناوبراو بۆ لێپرسینەوە لە لقی دادسەرای زیندانی ئێڤین بانگهێشت کرا بوو، پاش لێپرسینەوە ڕەوانەی ژووی تاکەکەسی کرا.

حوکمی یەک ساڵ زیندانی تەعزیری، ٥ ساڵ زیندانی تەعلیقی و ٢٢٣ لێدانی قامچی بۆ ئەو دێکیۆمێنتارسازە کوردە لەلایەن هێزی دادوەری حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە بڕاوەتەوە.

ئەم دێکیۆمێنت سازە تەمەن ٣٠ ساڵەی کوردستان، ٣ی سەرماوەزی ساڵی ڕابردوو، بە دروستکردنی فیلمی\"نووسین لە سەر شار\" بە نێوەڕۆکی دیوارنووسی سیاسی_کۆمەڵایەتی لە ئێران لەلایەن قازی موقیسەوە بە\"بێڕێزی بە پیرۆزییەکان\" و\"پڕوپاگەندە دژی نیزام\" تۆمەتبار کرا و بەو هۆیەوە ئەو فیلمە بڵاو نەکرایەوە.

دەستبەسەر کردنی ئەو هونەرمەندە لاوە دژکردەوەی ناوخۆیی و نێونەتەوەیی لە ئاستی فیلمسازانی فەرانسەوی، ئیتالیایی و ئیسپانیایی و هەروەها پارلمانی ئۆرووپای لێکەوتەوە.

کەیوان کەریمی، دەرچووی ڕشتەی مودیرییەتی ڕاگەیەنەکانە و برای هونەرمەندی بەناوبانگ و کۆچکردوو تەها کەریمییە.