کەیوان ڕەشۆزادە، زیندانیی سیاسیی کورد لە زیندانی ورمێ مانی لە خواردن گرت

11:17 - 25 جۆزەردان 2722

ڕۆژی دووشەممە ٢٣ی جۆزەردان، "کەیوان ڕەشۆزادە" زیندانیی سیاسیی کورد لە گرتووخانەی ناوەندیی ورمێ، بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین لەگەڵ دژایەتیکردنی بەرپرسانی زیندانی ورمێ بۆ هاتنە مەرەخەسییەکەی، مانی گرت.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار لە زیندانی ورمێ، بەرپرسانی زیندان ئەو زیندانییە سیاسییەیان پاش مانگرتن لە خواردن، ڕەوانەی ژووری تاکەکەسی کردووە.

 ئەو زیندانییە سیاسییە ڕێکەوتی ١٦ی ڕەزبەری ساڵی ٩٨، لەگەڵ چوارهاووڵاتیی دیکە بە ناوەکانی "ئومید سەعیدی، عەبدولعەزیز محەممەدپوور، کامران قاسمی و نایب حاجی‌پوور"، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و پاش مانگێک لێپرسینەوە لە ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ، بۆ زیندانی ناوەندیی ئەو شارە ڕاگوێزرابوون.

"کەیوان ڕەشۆزادە" پاش ساڵێک ناڕوونیی چارەنووسی لە زیندانی ورمێ، مانگی سەرماوەزی ساڵی ٩٩، لەلایەن لقی ٢ی دادگای ئینقلابی ورمێ، بە سەرۆکایەتیی دادوەر "شێخلوو" بە تۆمەتی "هەوڵدان دژی تەناهیی نەتەوەیی لە ڕێگای ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکان" بە ١٠ ساڵ و ڕۆژێک زیندان مەحکووم کرابوو.

کەیوان ڕەشۆزادە کوڕی عوسمان خەڵکی شارەکی ئیسلام‌ئاوای ورمێیە.