کەیوان مینوویی پاش دەسبەسەرکرانی هەروا لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنەدایە

12:26 - 11 بەفرانبار 2721

سەرەڕای تێپەڕبوونی نزیک بە ٢ مانگ لە کاتی دەسبەسەرکردنی "کەیوان مینوویی"، چالاکی مەدەنی و مامۆستای زمانی کوردیی خەڵکی گوندی "نێ" سەر بە مەریوان، ناوبراو هەروا لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنەدایە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو چالاکە مەدەنییە پاش دەسبەسەرکرانی بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە کراوە و لە ماوەی دەسبەسەربوونیدا لە مافی "دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر" و "چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی" بێبەری بووە.

ئەو سەرچاوە ئاگادارە هەروەها وتی: "هەتا ئێستا هەوڵ و بەدواداچوونەکانی بنەماڵەی کەیوان مینوویی بۆ ئاگاداربوون لە چارەنووسی کوڕەکەیان بێئاکام ماوەتەوە".

سەرلەبەیانیی ڕۆژی شەممە ٢٢ی خەزەڵوەر، ئەو هاووڵاتییە بەبێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.

هێزە ئەمنییەتییەکان لە کاتی دەسبەسەرکردنی کەیوان مینوویی، مۆبایل و هەندێک کەلوپەلی کەسیی ناوبراویان لەگەڵ خۆیان بردووە.