کەیوان مینوویی، مامۆستای زمانی کوردی بە دانانی بارمتە ئازاد کرا

11:18 - 11 رێبەندان 2721

ڕۆژی یەکشەممە ١٠ی ڕێبەندان، کەیوان مینوویی، چالاکی مەدەنی و مامۆستای زمانی کوردی خەڵکی گوندی "نێـ"ـی مەریوان، بە دانانی بارمتە لە زیندانی ئەو شارە ئازاد کرا.

ئەو چالاکە مەدەنییە بە دانانی بارمتەی ٢٠٠ ملیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی هەتا کاتی دادگاییەکەی لە زیندانی مەریوان ئازاد کراوە.

ڕۆژی پێنجشەممە ٧ی ڕێبەندان، کەیوان مینوویی، پاش تەواوبوونی ماوەی لێپرسینەوەکەی لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە، بۆ زیندانی مەریوان ڕاگوێزرابوو.

ئەو چالاکە مەدەنییە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا، لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری کرابوو.

ڕۆژی شەممە ٢٢ی خەزەڵوەر، کەیوان مینوویی بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو.

هێزە ئەمنییەتییەکان لە کاتی دەسبەسەرکردنی ئەو هاووڵاتییەدا، دەستیان بە سەر کەرەستەی شەخسیی ناوبراودا گرتبوو.

هەتا ئێستا لە هۆکاری گیران و تۆمەتی‌ وەپاڵدراو دژی ئەو چالاکە مەدەنییە، زانیارییەک نییە.