کەیوان مینوویی، مامۆستای زمانی کوردی بۆ زیندانی مەریوان ڕاگوێزرا

10:59 - 8 رێبەندان 2721

ڕۆژی پێنجشەممە ٧ی ڕێبەندان، کەیوان مینوویی، چالاکی مەدەنی و مامۆستای زمانی کوردی خەڵکی گوندی "نێـ"ـی مەریوان، پاش تەواوبوونی ماوەی لێپرسینەوەکەی لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە، بۆ زیندانی مەریوان ڕاگوێزرا.

ئەو چالاکە مەدەنییە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا، لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری کرابوو.

ڕۆژی شەممە ٢٢ی خەزەڵوەر، کەیوان مینوویی بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو.

هێزە ئەمنییەتییەکان لە کاتی دەسبەسەرکردنی ئەو هاووڵاتییەدا، دەستیان بە سەر کەرەستەی شەخسیی ناوبراودا گرتبوو.

هەتا ئێستا لە هۆکاری گیران و تۆمەتی‌ وەپاڵدراو دژی ئەو چالاکە مەدەنییە، زانیارییەک نییە.