کەیهان موکەڕەم پاش تەواوبوونی ماوەی مەرەخەسییەکەی گەڕایەوە بۆ زیندانی ورمێ

17:37 - 28 خاکەلێوه 2722

ڕۆژی شەممە ٢٧ی خاکەلێوە، "کەیهان موكەڕەم" زیندانیی سیاسیی کوردی خەڵکی گوندی "ئەنبێـ"ـی ناوچەی تەرگەوەڕ، پاش تەواوبوونی مەرەخەسییەکەی گەڕایەوە زیندانی ورمێ.

ئەو زیندانییە سیاسییە ڕۆژی دووشەممە ٢٢ی خاکەلێوە، ئیزنی مەرەخەسیی پێ درابوو.

کەیهان موکەڕەم ڕۆژی شەممە ٢٠ی سەرماوەزی ساڵی ١٤٠٠، بە نیشانەی ناڕەزایەتی لەمەڕ لەبەرچاونەگرتنی گەڵاڵەی دووفەورییەتی بۆ کەمکردنەوەی سزای زیندانییەکەی، مانی گرتبوو.

ئەو هاووڵاتییە کوردە ڕێکەوتی ١٧ی پووشپەڕی ساڵی ٩٨، لەلایەن هێزەکانی سپای پاسدارانەوە دەسبەسەر و پاش دوو مانگ لە دەسبەسەرکرانی لە گرتنگەی ئیتلاعاتی سپا لە ورمێ، بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.

"کەیهان موکەڕەم" دواتر لەلایەن لقی دووی دادگای ئینقلابی ورمێ بە سەرۆکایەتیی دادوەر "شێخلوو" بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکان" بە ٥ ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکووم و ئەو حوکمەش لە دادگای پێداچوونەوە پشتڕاست کرابووە.

ئەو زیندانییە سیاسییە مانگی گەلاوێژی هەمان ساڵ بە تۆمەتی "تێکدانی نەزمی زیندان" لەلایەن  لقی ١١٩ دادگای کەیفەری دووی ورمێ، بە سێ مانگ زیندانی تەعزیری و لێدانی ٥٠ زەربە قامچی مەحکووم کرابوو.