کەیهان موکەڕەم لە زیندانی ورمێ دەستی داوەتە مانگرتن

13:28 - 24 جۆزەردان 2721

ڕۆژی یەکشەممە ٢٣ی جۆزەردان، کەیهان موکەڕەم، زیندانیی سیاسیی کورد خەڵکی گوندی "ئەنبێ" سەر بە ناوچەی تەرگەوەڕ لە زیندانی ناوەندیی ورمێ، دەستی داوەتە مانگرتن.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار لە زیندانی ورمێ، ئەو زیندانییە سیاسییە لە ناڕەزایەتی دەربڕین لەمەڕ لەبەرچاونەگرتنی گەڵاڵەی دوو فەورییەتی بۆ کەمکردنەوەی سزای زیندانییەکەی، دەستی داوەتە مانگرتن.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها وتوویەتی: "کەیهان موکەڕەم چەندین جار داوای جێبەجێکردنی گەڵاڵەی دوو فەورییەتیی بۆ کەمکردنەوەی سزای زیندانی بۆ دۆسیەی مەحکوومکردنی خۆی کردووە، بەڵام هەتاکوو ئێستا بەرپرسانی زیندان و ناوەندە قەزاییەکان بەم داواکارییەی ناوبراو وڵامێکیان نەداوەتەوە".

ئەو هاووڵاتییە کوردە ١٧ی پووشپەڕی ٩٨، لەلایەن هێزەکانی سپای پاسدارانەوە دەسبەسەر کرا و پاش ٢ مانگ دەسبەسەری لە گرتنگەی ئیتلاعاتی سپا لە ورمێ، بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.

کەیهان موکەڕەم دواتر لەلایەن لقی ٢ی دادگای ئینقلابی ورمێ، بە سەرۆکایەتی دادوەر "شێخلوو" بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران"، بە ٥ ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرا و ئەو حوکمە لە دادگای پێداچوونەوەدا پشتڕاست کرایەوە.