کەیهان موکەڕەم زیندانیی سیاسیی کورد لە زیندانی ورمێ مانی گرت

15:45 - 21 سەرماوەز 2721

ڕۆژی شەممە ٢٠ی سەرماوەز، "کەیهان موکەڕەم" زیندانیی سیاسیی کوردی خەڵکی گوندی "ئەنبێ"، سەر بە ناوچەی تەرگەوەڕ، لە زیندانی ناوەندیی ورمێ لە ناڕەزایەتی دەربڕین بەنیسبەت لەبەرچاونەگرتنی گەڵاڵەی دوو فەورییەتی بۆ کەمکردنەوەی سزای زیندانییەکەی مانی گرت.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەم پەیوەندییەدا بە کوردپای ڕاگەیاند: "ئەو زیندانییە سیاسییە بە ڕاگەیاندنی مانگرتنەکەی، لە بەرانبەر ئەفسەری نیگابانیی زیندان مانی گرت".

ئەمە بۆ دووەمین جارە کە کەیهان موکەڕەم لە ناڕەزایەتی دەربڕین لەهەمبەر لەبەرچاونەگرتنی گەڵاڵەی دوو فەورییەتی بۆ کەمکردنەوەی سزای زیندانییەکەی مان دەگرێت.

هەروەها ڕۆژی یەکشەممە ٢٣ی جۆزەردانی ئەمساڵ، ناوبراو لە ناڕەزایەتی دەربڕین لەمەڕ لەبەرچاونەگرتنی گەڵاڵەی دوو فەورییەتی بۆ کەمکردنەوەی سزای زیندانییەکەی، مانی گرتووە.

کەیهان موکەڕەم چەندین جار داوای جێبەجێکردنی گەڵاڵەی دوو فەورییەتیی بۆ کەمکردنەوەی سزای زیندانی بۆ دۆسیەی حوکمەکەی خۆی کردووە، بەڵام هەتاکوو ئێستا بەرپرسانی زیندان و ناوەندە دادوەرییەکان بەم داواکارییەی ناوبراو وڵامێکیان نەداوەتەوە.

ئەو هاووڵاتییە کوردە ١٧ی پووشپەڕی ٩٨، لەلایەن هێزەکانی سپای پاسدارانەوە دەسبەسەر کرا و پاش ٢ مانگ دەسبەسەری لە گرتنگەی ئیتلاعاتی سپا لە ورمێ، بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.

کەیهان موکەڕەم دواتر لەلایەن لقی ٢ی دادگای ئینقلابی ورمێ بە سەرۆکایەتی دادوەر "شێخلوو" بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران"، بە ٥ ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرا و ئەو حوکمە لە دادگای پێداچوونەوەدا پشتڕاست کرابووەوە.