کەژاڵ نەسری پاش دەسبەسەرکرانی چارەنووسی هەروا ناڕوونە

12:08 - 8 بەفرانبار 2721

سەرەڕای تێپەڕبوونی زیاتر لە دوو حەوتوو لە کاتی دەسبەسەرکردنی چالاکێکی مەدەنیی کورد بە ناوی "کەژاڵ نەسری"، کچی "محەممەد"، تەمەن ٢٦ ساڵ و خەڵکی گوندی "تەنگیسەر" سەر بە ناوچەی ژاوەرۆی سنە، لە چارەنووسی ناوبراو زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو چالاکە مەدەنییە لە ماوەی دەسبەسەربوونیدا لە مافی دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر، پەیوەندیی تەلەفۆنی و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری بووە.

ئەو سەرچاوە هەروەها وتی: "هەوڵ و بەدواداچوونەکانی بنەماڵەی کەژاڵ نەسری لەم ماوەیەدا بۆ ئاگاداربوون لە چارەنووسی کچەکەیان بێئاکام ماوەتەوە و هەتا ئێستا نەیانتوانیوە پەیوندیی تەلەفۆنی یان چاوپێکەوتنیان لەگەڵ ناوبراو هەبێت".

ڕۆژی یەکشەممە ٢١ی سەرماوەز، هێزە ئەمنییەتییەکان بەبێ نیشاندانی بەڵگەی یاسایی هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی ئەو چالاکە کوردە و ناوبراویان پاش دەسبەسەرکردنی بۆ شوێنێکی نادیاریان ڕاگواستووە.

کەژاڵ نەسری لە بواری "ژینگەپارێزی" چالاکیی هەیە.

هەتا ئێستا لە هۆکاری دەسبەسەرکردن و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەو هاووڵاتییە زانیارییەکی ورد لەبەر دەستدا نییە.