کەژاڵ نەسری بە دانانی بارمتە و دەستبەندی ئەلکترونیکی لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە ئازاد کرا

11:56 - 21 بەفرانبار 2721

ڕۆژی دووشەممە ٢٠ی بەفرانبار، چالاکێکی مەدەنیی کورد بە ناوی "کەژاڵ نەسری" تەمەن ٢٦ ساڵ، کچی "محەممەد" و خەڵکی گوندی "تەنگیسەر"ی شاری سنە، بە دانی بارمتەی ١٠٠ ملیۆن تمەنی و دەستبەندی ئەلکترونیکی لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە ئازاد کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو چالاکە مەدەنییە دەبێ ڕۆژانە خۆی بە ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە بناسێنێت و ئیزنی چوونەوە بۆ گوندی تەنگیسەری نییە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو، کەژاڵ نەسری پاش مانگرتنی دوو ڕۆژەی دایکی لە بەرانبەر ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە، بە شێوەی کاتی هەتا کاتی دادگاییەکەی ئازاد کراوە.

ئەو چالاکە مەدەنییە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا، لە پەیوەندیی تەلەفۆنیی، چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی و پارێزەر بێبەری کرابوو.

ڕۆژی یەکشەممە ٢١ی سەرماوەز، هێزە ئەمنییەتییەکان بەبێ بەڵگەی یاسایی هێرشیان بردبووە سەر ماڵی ئەو چالاکە مەدەنییە و پاش دەسبەسەرکرانی، بۆ شوێنێکی نادیاریان ڕاگواستبوو.

"کەژاڵ نەسری" چالاکی ژینگەییە و هەتا ئێستا لە هۆکاری گیران و تۆمەتی دژی ئەو هاووڵاتییە، زانیارییەکی ئەوتۆ بەدەست نەهاتووە.