کەمئەندامێکی تەقینەوەی مین، لە زیندانی مەریوان گیانی لەدەست دا

21:21 - 17 خەرمانان 2714
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی یەکێک لە گوندەکانی سەربە شارستانی سەوڵاوا، کە لە زیندانی شاری مەریوان لە دەستبەسەریدا بوو، بەهۆکارێکی ناڕوون گیانی لەدەست دا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، شەوی یەکشەممە، رێکەوتی ١٦ی خەرمانان ،هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی گوندی (دزەوەن)ی سەربە شارستانی سەوڵاوا، بەناوی یەدوڵڵا ئەحمەدی و تەمەن ٣٧ ساڵ لە زیندانی ناوەندیی مەریوان گیانی لەدەست دا.

یەکێک لە نزیکانی ئەو هاووڵاتییە کوردە بەهەواڵنێری کوردپای راگەیاند؛ یەدوڵڵا ئەحمەدی، کە لە تەمەنی ٩ ساڵیدا و بەهۆی رووداوێکی تەقینەوەی مین هەر دوو دەستی پەڕیبوو، ٢٠ رۆژ پێش ئێستا لەلایەن هێزە ئیتزامییەکانەوە دەستبەسەر کرابوو.

ئەو سەرچاوەیە روونیشی کردەوە، یەدوڵڵا ئەحمەدی باوکی دوو کوڕ و کچێکیش بووە، کە بەهۆی معامەلەیەکەوە تووشی قەرزداری و زیندان هاتبوو.

بەرپرسانی زیندانی ناوەندیی مەریوان، هۆکاری گیان لەدەست دانی ئەو هاووڵاتییە کوردەیان، جەڵتەی دڵ راگەیاندووە، بەڵام کەسووکاری ناوبراو هۆکاری مردنەکەی بۆ نەبوونی ئیمکانات و کەمتەرخەمیی بەڕێوەبەرانی بێهداریی نێو زیندانی مەریوان دەگەڕێننەوە.

تەرمی یەدوڵڵا ئەحمەدی هەتا ئێستا لە پزیشکی دادوەریی شارستانی مەریوان راگیراوەو رادەستی کەسوکارەکەی نەکراوەتەوە.

بەپێی راپۆرتێک، کە ماوەیەک پێش ئێستا لەلایەن ناوەندی پشتیوانانی مافی مرۆڤەوە بڵاو کرایەوە،  لە سەرەتای ساڵی ١٣٨٢ی هەتاوییەوە هەتا پووشپەڕی ساڵی ٩٣ی هەتاوی،  ١٨ هاووڵاتیی کورد لە زیندانەکانی رەجایی شاری کەرەج، میناب، سەقز، ورمێ، سنە، کرماشان و کامیاران بەهۆی نەبوونی ئیمکاناتی پزیشکی، ئەشکەنجە و دۆخی خراپی نێو زیندان گیانیان لەدەست داوە.