کەمئەندامبوونی منداڵێک لە شاری شووش بە هۆی تەقینەوەی مین

13:41 - 24 رێبەندان 2718
ئاژانسی کوردپا: منداڵێکی خەڵکی شاری شووش سەر بە پارێزگای خووزستان، بە هۆی تەقینەوەی مین کەمئەندام ببوو.

رۆژی سێشەممە، ٢٣ی ڕێبەندان، منداڵێکی تەمەن١٢ ساڵ، بە ناوی \"سەعید نیازی\"، لە ڕۆژئاوای کەرخە، سەر بە شاری شووش، بە هۆی تەقینەوەی مینی بەجێماو لە شەڕی هەشت ساڵەی نێوان عێراق و ئێران، ئەندامێکی جەستەی لە دەست دا.

لەم ڕووداوەدا دەستی ئەو منداڵە پەڕیوە و چاوەکانی بریندار بوونە، کە بە مەبەستی چارەسەریی پزیشکی گوازراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەی شووش.

هەروەها لەم ڕووداوەدا، کچێکی دوو ساڵە، دەستی بە هۆی بەرکەوتنی پارچەیەک لەو مینە، برینداری بووە.

بەپێی ڕاپۆرتەکان، ئێران، دوووهەمین وڵاتی ئالوودە بە مین و کەرەستەی شەڕە و لانیکەم ١٦ میلیۆن هێکتار لە زەوی و زارەکانی پارێزگاکانی ورمێ، کوردستان، کرماشان، ئیلام و خووزستان بە پانتایی چوار میلیۆن و ٢٠٠ هەزار هێکتار، ئالودە بە مین کراون.

تا ئێستا دەیان ڕاپۆرتی دڵتەزێن، سەبارەت بە تەقینەوەی مین و کەرەستەی شەڕ و کوژرانی خەڵکی سڤیل، لەو ناوچانە بڵاو کراوەتەوە و هیچ کەسیش بەرپرسایەتی ئەم تراژێدیایە بە ئەستۆ ناگرێت.