کەمئەندامبوونی دوو سەرباز به هۆی تەقینەوەی مین لە سەقز

11:32 - 16 خاکەلێوه 2720

دوو سەربازی هێزەکانی ئینتزامیی بە ناوەکانی "جەواد مێهری‌زادە و مازیار ئیستراکی" کە لە جادەی سەرشیوی سەقز، تووشی ڕووداوی تەقینەوەی مین ببوون، پزیشکان بە هۆی قورسی برینەکانیانەوە، ناچارن قولاپەی پێی ئەو دوو سەربازە بقرتێنن.

ئەو دوو سەربازە، سەربازی یەکێک لە پایگاکانی هەنگی سنووریی شاری سەقزن کە بەهۆی تەقینەوەی مین دەست و لاقیان بریندار ببوو.

ئەو دوو سەربازە بۆ چارەسەریی پزیشکی ڕەوانەی نەخۆشخانەی "خومەینیـ"ـی سەقز کراون و هەنووکە لەژێر چاوەدێریی پزیشکیدان.

هەتا ئێستا میدیاکانی حکوومەت لە بڵاوکردنەوەی ئەم ڕووداوە خۆیان بواردووە و لە چۆنیەتیی ڕووداوەکە هیچ زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.

پارێزگاکانی ورمێ، سـنە، کرماشان و ئیلام زۆرترین ناوچە مینڕێژکراوەکانیان لەنێو پارێزگاکانی دیکەی ئێراندا هەیە و ساڵانە هاووڵاتییانی کوردی خەڵکی ئەو ناوچانە بەهۆی تەقینەوەی مینە چێنراوەکانی سەردەمی شەڕی ئێران و عێراق دەکوژرێن و بریندار دەبن.