کەمکردنەوەی زیندانیی دوو هاووڵاتیی کورد بە "تسلیم بە رای"

12:34 - 9 بانەمەڕ 2722

حوکمی زیندانیی دوو هاوووڵاتیی کورد بە ناوەکانی "ئەمین ئێرانی ‌زادە" کوڕی ناسر خەڵکی گوندی "قاسملوو" سەر بە شاری ورمێ و "شیرزاد شەوقی قاسلوو" کوڕی خالید خەڵکی گوندی "مام برایم" سەر بە شاری ورمێ به "تسلیم بە رای" کەم کرایەوە.

پاش "تسلیم بە رای" شێرزاد شەوقی قاسملوو" بە دوو ساڵ و سێ مانگ و "ئەمین ئێرانی‌ زادە" بە ٢٣ مانگ زیندان، مەحکووم کران.

ڕۆژی دووشەممە ٢٣ی ڕەشەمەی ساڵی ١٤٠٠، دادگای ئینقلابی ورمێ ئەو دوو هاووڵاتییە کوردەی بە "تۆمەتی هەوڵدان دژی تەناهی نەتەوەیی لە ڕێگای ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکان" تۆمەتبار و بەپێی ئەو حوکمە داسەپاوە، ئەمین ئێرانی ‌زادە بە ٢ ساڵ و شش مانگ زیندان و شێرزاد شەوقی قاسملوو بە سێ ساڵ زیندان، مەحکووم کرابوون.

ڕۆژی شەممە ٦ی خەرمانانی ساڵی ڕابردوو، ئەو دوو هاووڵاتییە بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی هەتا کاتی دادگاییەکەیان لە زیندانی شنۆ ئازاد کرابوون.

ئەو دوو هاووڵاتییە پاش تەواوبوونی ماوەی لێپرسینەوەکەیان لە یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکان لە ورمێ بۆ زیندانی شنۆ، ڕاگوێزرابوون.

ڕۆژی دووشەممە ١٤ی پووشپەڕساڵی ١٤٠٠، هێزە ئەمنییەتییەکان بە بێ بەڵگەی یاسایی ئەمین ئێرانی‌زادە و هەروەها ڕۆژی یەکشەممە ٢٣ی پووشپەڕ، شێرزاد شەوقی قاسملوو، دەسبەسەر و بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی گرتنگە ئەمنییەتییەکان لە ورمێ، کرابوون.

ئەو دوو هاووڵاتییە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیاندا لە چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵە و دەستپێڕاگەیشتن بە پاڕێزەر بێبەری کرابوون.

وێنە: شێرزاد شەوقی قاسملوو و ئەمین ئێرانی‌زادە