کەمپەینێک بۆ پشتیوانی لە کۆڵبەران دامەزرا

13:33 - 23 رێبەندان 2718
ئاژانسی کوردپا: ڕێکخراوی UNPO بە هاوكاریی چەند پارلەمانتارێكی پارلەمانی ئورووپا کەمپەینێکیان بۆ ڕاكێشانی سەرەنجەكان بۆ پرسی كۆڵبەرەكان لە کوردستان ڕێك خستووە.

ڕێکخراوی UNPO بە هاوكاریی چەند پارلەمانتارێكی پارلەمانی ئورووپا بۆ ڕاكێشانی سەرەنجەكان بۆ پرسی كۆڵبەرەكان لە کوردستان کەمپەینێکیان لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتر دامەزراندووە.

بەڕێوەبەرانی ئەم کەمپەینە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران لە کۆڵبەران \"پێشێلکردنی یاسا و پێبەند نەبوون بە یاسای نێونەتەوەیی\" دەزانن.

بەکارهێنەرانی تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتر دەتوانن بە هەشتەگی KurdishLivesMatter_Kolbar# پشتیوانی لەو کەمپەینە بکەن.

کۆڵبەر بە چین و توێژەکانی زەحمەتکێشی کوردستانی ڕۆژهەڵات دەگوترێت کە لە ناوچە سنوورییەکان بە کاری کۆڵبەرییەوە خەریکن.

ئەو چین و توێژە زەحمەتکێشە بە هۆی هەژاری و دەستکورتی بە ناچاری بۆ دابینکردنی بژیوی ژیانی خۆیان ڕوو لە پیشەی مەترسیداری کۆڵبەری لە ناوچە سنوورییەکانی کوردستان دەکەن.