کەمپەینی یارمەتی کۆکردنەوە بۆ لێقەوماوانی کۆبانی، لە بۆکان دەستی بە چالاکی کرد

13:14 - 1 خەزەڵوەر 2714
ئاژانسی کوردپا: لەلایەن سێ چالاکی مەدەنی و مافی مرۆڤی شاری بۆکانەوە، کەمپەینێکی یارمەتی کۆکردنەوە بۆ لێقەوماوانی کۆبانی لەو شارە و گوندەکانی دەوروبەری، چالاکییەکانی خۆی دەست پێکرد.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی سێ‌شەممە کەمپەینی یارمەتی کۆکردنەوە بۆ ئارارەو لێقەوماوانی خەڵکی کۆبانی، لەژێر ناوی \"کۆبانی بەتەنیا بەجێ ناهێڵێن (کوبانی را تنها نمی‌گذاریم)\"، دەستی بە چالاکی کرد.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری بۆکان لەلایەن چالاکانی مافی ژنان و منداڵانی ئەو شارەوە پێشوازیی لێکراوەو بەڵێنیی هاوکارییان بەو کەمپەینە داوە.

بەڕێوەبەرانی کەمپەینی کۆبانی بەتەنیا جێ ناهێڵێن لە نەرمین شیخەلئیسلامی، سەحەر سەعادەتی و رەزا شەریفی بۆکانی پێکهاتووەو مۆڵەتی فەرمیی چالاکییان لە فەرمانداریی شاری بۆکان وەرگرتووە.

بەگوتەی بەڕێوەبەرانی کەمپەینەکە، هەتا ئێستا تەنیا لەبەردەم قوتابخانەی دواناوەندیی \"عیسمەت\" لە گەڕەکی میراوای شاری بۆکان بنکەی یارمەتی کۆکردنەوەیان کردۆتەوەو لەو ماوە کورتەدا توانیویانە بڕی ٩٠٠ هەزار تمەن یارمەتی بۆ خەڵکی کۆبانی کۆبکەنەوە.

بەڕێوەبەرانی کەمپەینی (کۆبانی بەتەنیا جێ ناهێڵێن) هەتا ئێستا لەلایەن مانگی سووری شاری بۆکانەوە یارمەتی نەکراون، بەڵام بە گوتەی بەرێوەبەرانی کەمپەینەکە بڕیارە بۆ بەرین کردنەوەی چالاکییەکانی ئەو کەمپەینە بە پێدانی خێمە بۆ دانانی بنکەی یارمەتی کۆکردنەوە لە ناوشاری بۆکان و گوندەکانی دەوروبەری، هاوکاریی کەمپەینەکە بکات.

لەماوەی یەک مانگی رابردوودا و بەهۆی هێرشی چەکدارانی دەوڵەتی ئیسلامی ناسراو بە (داعش)ـەوە، خەڵکی شاری کۆبانی و گوندەکانی دەوروبەری ئاوارە بوون و بەو هۆیەوە روویان لە وڵاتی تورکیا و هەرێمی کوردستان کردووە.