کەمپەینی یارمەتی بۆ شنگال و کۆبانی لە کرماشان دەستی بە چالاکی کرد

20:55 - 29 گەلاوێژ 2714
ئاژانسی کوردپا: کەمپەینی کۆکردنەوەی یارمەتی بۆ شنگال و کۆبانی لە ئوستانی کرماشان بە شیوەی فەرمی چالاکییەکانی خۆی دەست پێکرد.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئەمڕۆ چوارشەممە رێکەوتی ٢٩ی گەلاوێژ کەمپەینی یارمەتی کۆکردنەوە بۆ خەڵکی شنگال و کۆبانی، لە کرماشان کرایەوەو یارمەتی بۆ لێقەوماوانی شنگال و کۆبانی کۆدەکاتەوە.

ئەو کەمپەینە لە ٩ شوێنی نێو شار و ٩ شارستانی ئوستانی کرماشاندا چالاکی دەکات.

\"21613.jpg\"
مزگەوتی شافیعی، مەیدانی ئازادی، چوارڕێیانی نەوبەهار، میدانی موسەدیق، زانکۆی رازی ئەو ناوەند و شوێنانەن کە هاووڵاتیاین دەتوانن یارمەتییەکانیان پێشکەش بە خەلکی شنگال و کۆبانی بکەن.

ئەو کەمپەینە لە ئەنجامی بەدواداچوونی کۆمیسیۆنی مافی مرۆڤی کانونی پارێزەرانی دادگوستەریی ئوستانی کرماشان و ئیلام، مۆڵەتی چالاکی و دەستبەکار بوونی وەرگرتووە.

ئەو کانوونە پێشتر لە بەیاننامەیەکدا وێرای مەحکووم کردنی کردەوەکانی داعشی لە عێراق و بەتایبەت لە هەرێمی کوردستان، کوشتاری هاووڵاتییانی کوردی بە دەستی چەکدارانی دەوڵەتی ئیسلامی بە جینایەت دژی مرۆڤایەتی وەسف کردبوو.

کەمپەینی یارمەتی کۆکردنەوە بۆ لێقەوماوانی شنگال و کۆبانی، چەندین ژمارە حیسابی بانکی بە مەبەستی کۆکردنەوەی یارمەتیی نەختی، بڵاو دەکاتەوە.

بەرپرسی گشتیی سیاسیی ئوستانداریی کرماشان بە شێوەی \"نهێنی\" و روو لە مانگی سووری کرماشان مۆڵەتی بە چالاکیی ئەو کەمپەینە داوەو کەمپەینەکە دەبێ ئەو ناوەند ەئەمنییەتییە لە ئەنجامی چالاکییەکانی خۆی ئاگادار بکاتەوە.

ناوەندە حکوومەتییەکان و بەتایبەت ناوەندە نیزامی و ئەمنییەکانی کرماشان و ئیلام، بەهۆی کرانەوەی ئەو جۆرە کەمپەینانە، کە هاوپەیوندی و یەکهەڵوێستیی هاووڵاتییانی کوردی بەدواوە بێت، نیگەرانن.