کەمپەینی \"ڕابوونی زاگرۆس\" ڕاگەیەندرا

14:53 - 14 بەفرانبار 2717
ئاژانسی کوردپا: کەمپەینی\"ڕابوونی زاگرۆس\" بە مەبەستی گوشار خستنە سەر حکوومەتی ئیران بۆ دابین کردنی داواکارییەکانی خەڵک ڕێکخرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، کەمپەینی \"ڕابوونی زاگرۆس\" لە لایەن ژمارەیەک لە چالاکانی سیاسی و مەدەنی کوردستانەوە ڕێک خراوە، هەتا داواکارییەکانی خەڵک بە گوێ جیهان بگەینێت.

ئەم کەمپەینە بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک، بوونی خۆی ڕاگەیاندوو و دەقی بەیاننامەکە بەم چەشنەی خوارەوەیە:

ساڵانێکی درێژە کە کۆماری ئیسلامی، ژیان و مەعیشیەتی خەڵکی ئێران کردووەتە ئامانجی پێکان و سەرەڕای ئەوە لە ماوەی چوار دەیە دەسەڵاتی خۆیدا، لە هیچ یەک لە بوارەکاندا نەیتوانیوە پێوەرەکانی گەشەکردنیان پەرە پێ بدات.

لە ماوەی شەش مانگی ڕابردوودا، بەم لاوە کە خەڵکی وەزاڵەهاتووی ئێران و کوردستان، بۆ پێڕاگەیشتن بە کەمترین داواکارییەکانی خۆیان هاتوونەتە سەر شەقامەکان، نە تەنیا هیچ وڵامێکی ڕوونیان وەرنەگرتووە، بەڵکوو لە حەوتووی ڕابردوودا، هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم دەستیان بە تەقە کردن لە خەڵک کرد و ژمارەیەک هاووڵاتیی کوژران و ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی ناڕازییان دەسبەسەر کردووە.

بێگومان داواکارییەکانی خەڵک بۆ لە ژێرپێ نانی لانیکەم مافی مرۆیی ئەوان لە لایەن ڕێژیمەوە، سەرەتای داواکارییەکانی ئەوانە، بەڵام بەداخەوە ڕێژیمی \"توتالێتر\" کۆماری ئیسلامی، نە تەنیا بەو داواکارییانە وڵامێکی نەداوەتەوە، بەڵکوو بۆ بەربەرەکانێ لەگەڵ ئەو داواکارییە زمانی چەک و سەرکوتی هەڵبژاردووە.

کەمپەینی \"ڕابوونی زاگرۆس\" بە ئامانجی گوشار خستنە سەر کۆماری ئیسلامی و بۆ دابین کردنی داواکاری وەدی هاتنی داواکارییەکان و هەروەها بۆ بەرگریی لە مافی ناڕەزایەتی ڕەوای خەڵک لە هەمبەر هێزە سەرکوتکەرەکان، یەکەمین ڕێکارەکانی خۆی بۆ خەباتی مەدەنی پێشنیار دەکات، هەتا خەڵکی وەزاڵەهاتوو بتوانن لەو ڕێگایەوە، داواکارییەکانی خۆیان بە گوێ جیهان بگەینن، لە هیچ هەوڵێک دەریغی نەکەن، هەتا گەیشتن بە ئامانجەکانی خۆیان.

ڕێکارە پێشنیار کراوەکانی ئەو کەمپەینە:

١: خەڵکی شارەکان ئێواران بێنە دەرێ ، کۆببنەوە و نانێک بەدەستەوە بگرن و بیکەنە هێمای باری ئابووری و گوزەرانی ڕۆژانەی خۆیان لە سایەی دەسەڵاتی گەندەڵی حکومەتی ئاخوندی.

٢: ژن و پیاو زەنگی مۆبایلەکانیان بکەنە ئاهەنگی شۆرشگێری کوردی و هەر کامەی رۆژێ بۆ ٥ هاوڕێی خۆیان تەک زەنگێک لێبدەن بە نیشانەی ئامادە بوون و کۆبوونەوە.

٣: داوا لە گەنجەکان دەکەین داخوازییەکانی خەڵک لە ەستەی جۆراوجۆردا بە رەنگی شین (ئاوی ئاسمانی) لەسەر دیوارەکان بنووسن.

٤: داوا لە شاعیر و هونەرمەندانی کورد دەکەین کە بەرهەمی ئەدەبی و هونەری، هەروەها بە سروودی تایبەت بێنە پشت خەڵکی وەزاڵەهاتوو و پشتگیری لە داخوازییەکانیان بکەن.

٥: داوا لە گەنجانی کوردستان دەکەین کە ، ئیدارەی ئەمنی_نیزامی بە تاوانی سەرکوتی خەڵک، ئیدارەی فەرهەنگی بەتاوانی ژینۆسایدی فەرهەنگی کوردستان و ئیدارەی ئابووری( ئیدارەی ماڵیات و بانکەکان) بە تاوانی ژینۆسایدی ئابووری خەڵکی کوردستان، بە ڕەنگی شین بڕەنگێنن.

٦: داوا لە خەڵکی وەزاڵەهاتوو دەکەین کە لە شوێنە گشتیی و مێژووییەکان نەواری شین(ئاوی ئاسمانی) لە دار و لە پەیکەرە و... بهالێنن.

دەستەی بەرخۆدانی مەدەنیی رۆژهەڵات