کەمپەینی پیلەوەران و بازرگانانی سنووری تەمەرچییان کۆتایی بە کارەکانی هێنا

12:13 - 12 خاکەلێوه 2720

بازرگانان و پیلەوەرانی سنووری تەمەرچییان بە فەرمی کۆتاییهێنان بە "کەمپەینی پیلەوەران و بازرگانانی دەروازەی سنوریی تەمەرچییان" ڕاگەیاند کە بە مەبەستی یارمەتیدان بە هاووڵاتییانی کەمداهات و هەژاری پیرانشار لە دۆخی نەگونجاوی کۆرۆنا ڕێک خرابوو.

ئەو کەمپەینە کە لە ڕۆژی ۱ـی خاکەلێوە تا ڕۆژی ۹ـی خاکەلێوە چالاکییەکانی خۆی بە مەبەستی کۆکردنەوەی یارمەتی بۆ بەهاناوەچوونی خەڵکانی دەستکورت و کەمداهات ڕاگەیاندبوو، پاش ۹ ڕۆژ چالاکی، کۆتایی بە کارەکانی خۆی هێنا.

لیژنەی بەڕێوبەرایەتیی ئەو کەمپەینە، کۆکردنەوەی بڕی ١٢٦ ملیۆن و ٦٠٠ هەزار تمەن پارەی نەختیی بە شێوازێکی ڕوون و ئاشکرا بۆ ڕای گشتی ڕاگەیاند.

ئەو کەمپەینە هەروەها ڕایگەیاندووە، لە داهاتوودا یارمەتییە کۆکراوەکان بە شێوەی "کارتی دیاری" ڕادەستی خەڵکی هەژار و کەمداهات دەکات.

لیژنەی بەڕێوەبەرایەتیی کەمپەینەکە ئەو هاووڵاتییانەی کە لە قەیرانی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا زیانیان بەرکەوتووە، یارمەتیدەران و جەماوەری خۆشەویستی ناوچە لە چۆنیەتیی دابەشکردنی کارتەکان ئاگادار دەکەنەوە.

بەڕێوەبەرانی کەمپەینەکە هەروەها سپاسی سەرجەم پیلەوەر و بازرگانانی ناوچەکە و سەرجەم ئەو کەس و لایەنانەیان کردووە کە هەنگاویان ناوە بۆ یارمەتیدانی ئەو کەمپەینە و لە وەها دۆخێکدا بە هەستکردن بە بەرپرسیارەیەتیی مرۆیی و نیشتمانی، خەڵکی هەژار و بێ دەرەتانیان لە بیر نەکردووە و تەواو هەوڵی خۆیانیان خستووەتەگەڕ بۆ بەهاناچوونیانەوە.